ژنان شایەتحاڵی شۆڕشن: ئێمە بە باوەڕیی و بە ڕۆژانی سەختدا گەیشتوینەتە ئەمڕۆ
١٣ ساڵ بەسەر دەستپێکی شۆڕشی ١٩ی تەمووز لە ڕۆژئاوای کوردستان تێپەڕیوە، ئەو ژنانەی لەو ڕۆژانە و تا ئەمڕۆش تێدەکۆشن دەڵێن: پێڵاوەکانیان لەسەر زەوی بەجێدەماو قاچیان دەشکێندراو دەستبەسەر دەکران.

بەرچەم جودی
کۆبانێ- دوای ئەوەی لە ١٥ی ئاداری ٢٠١١ ململانێی سووریا دەستیپێکرد، هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان لە کۆبانێ و عەفرین و جزیرە لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ شۆڕشی خۆیان بۆ خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک ئەنجامدا.
شۆڕشی ١٩ی تەمووز وەک پریشکێک لە کۆبانێوە دەستیپێکرد و دواتر تەشەنەی کرد بۆ هەموو شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەم شۆڕشە تەنیا ئامانجی ڕووخانی سیستمی ڕژێمی بەعس نەبوو، بەڵکو شۆڕشێکی هۆشیاری و سیاسەت و ئازادی و دیموکراتیک و ڕۆشنبیری بوو.
لە یادی ١٣یەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا کە بە شۆڕشی ژنان ناودەبرێت، ئەو ژنانەی کە یەکەم ساتەکان شایەتحاڵ بوون، هەست و ئەزموونەکانیان بۆ ئاژانسەکەمان دەربڕی.
"دەیان جار بەدواداچوونمان بۆ کرا"
نەجمە کێنکۆ ئەو ڕووداوانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە بەم شێوەیە دەربڕی: کاتێک دەڵێن شۆڕشی ١٩ی تەمووز، هەم ڕۆژە باشەکان و هەم ڕۆژە سەختەکانمان لەبیرە، کاتێک سەربازانی ڕژێمی بەعس لە شەقامەکانی کۆبانی بەدوای ئێمەدا دەڕۆیشتن، پێڵاوەکانمان بەجێدەهێشت بۆ ئەوەی نەگیرێن و خەریک بوو خۆمان بشارینەوە بۆ ناو ماڵەکان، هەرکات سەربازەکان گەمارۆیان دەداین، بۆ ئەوەی نەتوانین چالاکی ئەنجام بدەین، بە دار لە قاچمانیان دەدا و دەیانشکاند، بەڵام ئەم کردەوانە تەنها ئیرادەمانی زیاتر کرد.
"ئێمە بە پریشک و باجی قورس گەیشتینە ئەم ڕۆژانە"
نەجمە لە درێژەی هەڵسەنگاندنەکانیدا جەختی لەوەکردەوە کە ئەوان باوەڕیان بەوە نەبووە کە بە پریشکێک بگەنە ئەمڕۆ و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە بە پریشکێک دەستمان پێکرد، بە تایبەت وەک ژن پریشکێکمان لە ئاگرەکە وەرگرت و شۆڕشەکەمان دەستپێکرد، بێگومان لە سەرەتاوە مرۆڤ باوەڕی بەوە نییە کە بە پریشکێک بگاتە ئەم ڕۆژانە، تێچوونەکانی زۆر قورس و گران بوون، بەڵام ئێمە گەیاندمان، هەموو هاوڵاتیانی کۆبانێ شایەتحاڵی چۆنیەتی دەستپێکردنی شۆڕش بوون، کە ئێستا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە شۆڕشی ئێمە بۆتە ئیلهامبەخش و سەرچاوەی سەرهەڵدان بوو بۆ هەموو گەلانی ئازادیخواز، بە تایبەتی ژنانی کورد ئێستا بە ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەسەر مێزی سیاسی و دیپلۆماسی لە سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و دیاریکردنی چارەنووسی شۆڕشەکەیان پێشەنگایەتی پرۆسەکە دەکەن.
"ئێمە لەگەڵ بەڵێنەکانی ڕۆژانی سەرەتادا خەبات دەکەین"
نەجمە کێنکۆ وتیشی: کەس ناتوانێت نکۆڵی لە ڕاستییەکانی ئەم شۆڕشە بکات، ئەگەر پێشەنگایەتی و ئیرادەی ژنان نەبوایە، نەدەگەیشتینە ئەم قۆناغە، بۆیە پاراستنی ئەم شۆڕشە و دەستکەوتەکانی بە بەرپرسیارێتی خۆمان دەزانین، دوای ئەوەی هەناسەی ئازادیمان هەڵمژی، ئیتر نەدەکرا دەستبەرداری ئەم ڕێپێوانی ئازادییە بین، بۆیە لە ١٣یەمین ساڵیادی شۆڕشدا ئێمە بەڵێنی ڕۆژانی سەرەتاییمان هەیە و بە هەمان جۆش و خرۆشەوە درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین.
"ساتەکانی سەرەتا هێشتا لە یادەوەرییەکانماندا زیندوون"
لەیلا ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد کە ترسیان هەبوو، بەڵام باوەڕەکەیان بەسەر ترسەکەیاندا زاڵ بوو و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: وروژاندنی ساتەکانی سەرەتای شۆڕش، ئەو هەست و هەیەجان و ترس و باوەڕو و گومانانەی کە ئەزموونمان کرد، هێشتا لە یادەوەرییەکانماندا زیندووە، چونکە کاتێک مرۆڤ ڕۆژە سەختەکان لەبیر دەکات، ناتوانێت ڕۆژانی واتادار بژی.
نکۆڵی ناکەم کە ئێمە ترساوین بەڵام باوەڕمان بەسەر ترسەکەماندا زاڵ بوو، هەر بەو هۆیەشەوە بەرخۆدانمان نیشانی ڕژێمی بەعسمان دا کە ئێمە وەک گەلی کورد تامەزرۆی ئازادی و زمانی دایکی و کولتوور و ناسنامەی خۆمانین، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئەو ڕق و توڕەییەی کە ساڵانێک بوو لە دژی هەژموون و پێشێلکارییەکانی ڕژێمی بەعس دروست بووبوو، وەک گڕکانێک لە شۆڕشی ١٩ی تەمووزدا سەریهەڵدا. بەم تەقینەوەیە، ئێستا ئازایەتیمان هەیە کە بە ئیرادەمان داهاتوو لە قاڵب بدەین و هیوا نێژراوەکانمان بەدی بهێنین.
"ژن لە دوو لایەنەوە زاڵ بوون"
لەیلا سەرنجی بۆ کاریگەرییەکانی شۆڕش لەسەر ژنان ڕاکێشا و وتی: بێگومان ڕژێمی دەسەڵاتدار کاریگەری لەسەر هەموو کۆمەڵگە هەبوو، بەڵام وەک ژن ئێمە لە دوو لاوە زاڵ بووین، ئاگایی دواکەوتووی کۆمەڵگە چارەنووسێکی پێشوەختە دیاریکراوی بەسەر ئێمەی ژندا سەپاند، بۆ ژن باشترین ئایندە هاوسەرگیری و منداڵ بوو، هەر بۆیە ژن لە سنووری بنەماڵەیەکی فیۆداڵی و دواکەوتوودا دەکوژرا، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش توڕەیی و ناڕەزایی ژنان زیاتر و واتادارتر بوو، هاواری ژنان لە ١٩ی تەمووزدا هەموو دیوار و سنوورەکانی کۆیلایەتی کۆمەڵایەتی و دەوڵەتی شکاند.
"ژنان ڕژانە سەر شەقامەکان و هاواریان بۆ داهاتوویان دەکرد"
لەیلا ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کە ژنان سیستمی ڕژێمی بەعس و هۆشیاری کۆمەڵگەیان گۆڕیوەو لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لەم ڕووەوە ڕژێمی بەعس فشارێکی زۆری خستەسەر چالاکی و هەوڵەکانمان، هەروەها ئاڵەنگاری خێزانی و کۆمەڵایەتی زۆر هەبوو، ژنان ئەم شۆڕشەیان وەک هەلێکی گەورە دەبینی و توانیان بە چالاکی سوودی لێ وەربگرن و دەیان دەستکەوت بەدەستبهێنن ئێستا لە شەقامەکانی کۆبانێ دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ هاوار دەکات و ئەمەش دەرئەنجامێکی بچووکی خەباتی ئێمەیە.