ژنان لە ڕۆژئاوا بۆ لیژنەکانی دەستوور لە سووریا: دەستکەوتەکانمان جێی مامەڵە و سازش نین

ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بۆ چەسپاندنی مافەکانی ژنان لە دەستووری نوێی وڵاتدا، لە شاری قامیشلۆ کۆبوونەوە و وتیان: دەستکەوتەکانمان جێی مامەڵە و سازش نین.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بۆ چەسپاندنی مافەکانی ژنان لە دەستووری نوێی وڵاتدا، لە شاری قامیشلۆ کۆبوونەوە و ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.

 

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: پێش هەموو شتێک، بە ڕێزەوە سەری نەوازش بۆ ئەو قوربانییە گەورانە دادەنەوێنین کە بە خوێنی ژنانی پێشەنگ و شەهیدان نووسراونەتەوە، ئێمە وەک ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆژئاوا جەخت دەکەینەوە کە هەر دەستکەوتێک ئەمڕۆ دەیپارێزین، وەفادارییە بۆ میراتی ئەوان؛ سوورین لەسەر ئەوەی ئەم میراتە بەفیڕۆ نەدەین و نەیکەینە بابەتێک بۆ مامەڵە و سازش.

 

ئێمە شاهیدی ئەو دڕندایەتییەن کە لەلایەن چەتەکانی سەر بە حکومەتی کاتییەوە ئەنجام دەدرێن؛ لە فڕێدانی 'دەنیز' لە نهۆمی سێیەمەوە تا دەگاتە بڕینی قژی شەڕڤانێک بە خوێنساردییەوە، کە ئەمانە کردەوەی زۆردارانەن و هەموو بەها مرۆییەکان دەبەزێنن. ئەم پێشێلکارییانە دەربڕینێکی ڕوونی عەقڵیەتێکی پیاوسالاری سەلەفی پڕ لە ڕق و کینەیە؛ کە ئامانجی سەرەکی شکاندنی ئیرادەی ئەو ژنەیە کە تیرۆری تێکشکاندووە، هەروەها ترساندنی کۆمەڵگەیە لە ڕێگەی بە ئامانجگرتنی بەها سیمبولی و جوانکارییەکانی.

 

لە کاتێکدا بەرەو ٨ی ئادار دەچین، بە گیانێکی خۆڕاگرانە و بەبێ کۆڵدان، دەستپێکردنی کەمپەینێکی گەورەی نیشتمانی و نێودەوڵەتی ڕادەگەیەنین بۆ پەرەپێدانی خەبات لە هەموو بوارەکاندا. ئێمە سواڵی مافەکانمان ناکەین؛ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە دیموکراتەکان دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی مێژوویی و داواکارییەکانمان وەک مافگەلێک دەخەینە ڕوو کە نە سازشیان لەسەر دەکرێت و نە دواخستن قبوڵ دەکەن.

 

دەبێت مافەکانی ژنان گەرەنتی بکرێت

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: دەبێت ئەو ماددانەی لە ٣٠ی کانوونی دووەمدا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، بە تەواوی جێبەجێ بکرێن و بەشداریی ڕاستەقینە و سەربەخۆی ژنان لە هەموو دامەزراوەکاندا مسۆگەر بکرێت. پێویستە سیستەمی "هاوسەرۆکایەتی" بە دەستووری بناسرێت و کۆتای ژنان لە هەموو ئاستەکانی دەوڵەت و لیژنەکانی ئامادەکردنی دەستووردا لە ٪٥٠ کەمتر نەبێت. هەروەها دەبێت بڕیاری ژمارە ١٣ کە مافە زمانی و کولتوورییەکانی کورد دەپارێزێت، بە دەستووری بکرێت و مافی هەموو پێکهاتە و مەزهەبەکانی سووریا بپارێزرێت.

 

داوا دەکەین:

- لیژنەی بەشداریی ڕاستەقینە پێکبهێنریت بۆ دووبارە نووسینەوەی دەستوورێکی دیموکراتیک کە مافی ژنان و پێکهاتەکان بپارێزێت.

- پێکهاتەی تایبەتی یەکینەکانی پاراستنی ژن "یەپەژە" بپارێزرێت و وەک بەشێکی سەرەکی لە سیستەمی بەرگری بە دەستووری بناسرێت.

- ڕێز لە ڕۆڵی مێژوویی ژنانی شەڕڤان بگیرێت.

- ئەنجامدەرانی هەموو تاوانە دڕندانەکان دژ بە ژنان دەستبەجێ سزا بدرێن و پرەنسیپەکانی دادپەروەریی گواستنەوە جێبەجێ بکرێن.

 

خەباتی ئەمڕۆمان، دوا هێڵی بەرگری ئازادییە لە دژی تاریکستانی و عەقڵییەتی پیاوسالاری. هێرش بۆ سەر ژن، لێدانە لە دڵی دیموکراسی جیهانی. بۆیە داوا دەکەین هاوپەیمانییەکانی ژنان بەهێزتر بکرێن و فشارە نێودەوڵەتییەکان زیاد بکرێن بۆ ئەوەی دەستووری داهاتووی سووریا بە عەقڵییەتێک نەنووسرێتەوە کە نیوەی کۆمەڵگە پەراوێز بخات.