" ژنان لە لایەن خاوەنکارەکان توندوتیژی جەستەی و دەروونیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت"
١ی کانوونی دووەم تا ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٥، لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا ١٢ کرێکار گیانیان لەدەستداوە، ڕێزان قادر، وتی: ژنان لە کاتی کارکردن پابەندی ڕێکاری خۆپارێزی دەبن بەراورد بە پیاوان.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ ١ـی ئایار كە لە ئەنجامی خەباتی كرێكارانی ئەمریكا لە ساڵی ١٨٨٤دا لەپێناو كەمكردنەوەی ماوەی كاركردنی رۆژانە بۆ هەشت كاتژمێر سەری هەڵدا و ساڵی ١٨٨٦ مانگرتنەكان بەجۆرێك فراوان بوون، بابەتەكە بووە پرسێكی جیهانی.
پاش دوو ساڵ و لە یەکی ئایاری ١٨٨٦ـدا، زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کرێکار لە ئەمریکا لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە خراپی بارودۆخی کارکردن مانیان گرت و تەنیا لە ویلایەتی شیکاگۆدا ژمارەی کرێکارانی مانگرتوو ٤٠ هەزار کەس بوو، دواتر مانگرتن و خۆپیشاندانی کرێکاران لەگەڵ پۆلیسدا گرژی تێکەوت و کاتێک پۆلیسەکان هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانیان دا، پاش سێ ساڵ، لە کۆنفرانسی رێكخراوی نێودەوڵەتیی برایەتیی كرێكاران كە ساڵی ١٨٨٩ لە پاریس بەڕێوە چوو، بڕیار درا رۆژێک وەک رۆژی جیهانیی كرێكارانی جیهان دەستنیشان بكرێت و لەسەر پێشنیازی سەندیكاكانی ئەمریكا، ئەو رۆژە بە ١ـی ئایار دیاری كرا، لە چەندین وڵاتی جیهان ١ـی ئایار وەک "جەژنی كرێكاران"، "رۆژی جیهانیی كرێكاران"، كراوەتە پشووی فەرمی، بەڵام بە هۆکاری سیاسەتی هەڵەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کرێکاران ژیانێکی سەخت بەڕێ دەکەن، سەرەڕای نەبوونی مەرجی سەلامەتی بۆ سەرجەم کرێکاران لە ناوچەکەدا بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکات، هەروەها ژنانی کارکەر بەردەوام ئاستەنگییەکانیان ڕوو لە زیادبوون دەکات، ژنان لە کاتی کارکردن لە لایەن بەشێک لە خاوەنکارەکانیانەوە ڕوبەڕووی هەراسانکردنی سێکسی دەبنەوە، خراپی بارودۆخی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا زۆرێک لە ژنانی ڕوبەڕووی ئاستەنگی کردۆتەوە، لە ناویاندا خاوەنکارەکان بە پێنەدانی موچەی کرێکاران و کەمی موچەکان ژنان هەراسان دەکەن، هەروەها نەبوونی پاراستنی گیانی کرێکاران و کارمەندانی پڕۆژەکان بۆتە هۆکاری بەرزبونەوەی ڕێژەکانی مردن و برینداربوونی کرێکاران لە ناوچەکەدا، مەترسی دۆخی کرێکاران لە نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی شوێنی کار و نەبوونی پێداویستیەکانی خۆپارێزی و نا هۆشیارکردنەوەی کرێکارانە لە لایەن کۆمپانیا و خاوەن کارەکانەوە، ئەمانە و چەندین هۆکاری تر وایکردوە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەکانی قوربانیانی شوێنی کار بەرزبێتەوە.
ئامارەکانی قوربانیانی شوێنی کاری کرێکاران بۆ چوارمانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥، بەم شێوازە بووە:
ڕایدەگەیەنین ئاماری چوارمانگی ئەو کرێکارانەیە کە لە شوێنی کاردا بوونەتە قوربانی، دواتریش بەگشتی ئامارەکان تر بڵاودەکەینەوە، لە ڕۆژی ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، بۆ ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٥، لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا ١٢ کرێکار بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەستداوە، کە لە شارەکان بەمشێوەیە بوو: "لە سلێمانی ٤ قوربانی، لە هەولێر٥ قوربانی، لە دهۆک ٣ قوربانی"، هۆکارە باوەکانی قوربانیەکان ئەمانەبوون: "کەوتنە خوارەوە، کارەبا گرتن، کەوتن بەژێر ئامڕازەکانی کارکردنەوە، خنکان"، تەمەنی قوربانیەکان لە نێوان ١٧ ساڵ بۆ ٦٨ ساڵیدا بووە، شایەنی بیرهێنانەوەیە ساڵی ٢٠٢٤، کۆی گشتی گیان لەدەستدانی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان ٤٧ کرێکاربووە، بەم شێوەیەی خوارەوە: "سلێمانی ٢٥ قوربانی، هەولێر ٢٦ قوربانی، دهۆک ٦ قوربانی"، واتە لە ١٦ مانگی ڕابردوودا، بە گشتی ٥٩ کرێکار بەهۆی ڕوداوی شوێنی کارەوە گیانیان لەدەستداوە، ساڵانە ٣٥٥٠٠٠ هەزار کرێکار لە کاتی کارکردندا دەست بەجێ گیان لە دەست دەدەن، بە کۆی گشتی ساڵانە ٢٧٠ ملیۆن کەس بەهۆی ڕوداوی پیشەیی و کارەوە گیان لە دەست دەدەن، ١٦٠ ملیۆن بەهۆی بەرکەوتن و نەخۆشی پەیوەست بە کارکردنەوە گیان لە دەست دەدەن، کە ڕۆژانە ٥٠٠٠ هەزار کەس بەهۆی تووش بونی بە نەخۆشی کە هۆکارەکانی مانەوەی زۆری لەسەر کار و ژینگەی خراپی کارکردنەوە گیان لەدەست دەدەن، لە عێراقدا بە پێی ئاماری ناوەندی نیشتمانی تەندروستی و پیشەیی لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ١٣١٣٦ ڕوداوی کار هەبووە بە هەموو جۆرەکانیەوە " نەخۆشی، برینداربوون، پەکەوتەی، مردن"، کە تەنها گیان لەدەستدانی ٦٩ کرێکار تۆمارکراوە.
" خاوەنکارەکان گەرەنتی کارمەندەکانیان ناکەن، بۆیە کرێکاران ڕوبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە"
ڕێزان قادر کوێخا، سەرۆکی سەندیکایی ڕستن و چنین، باس لەوەدەکات، ژیانی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان بەردەوام لە ژێر مەترسیدا بووە، کرێکار بەردەوام ڕوبەڕووی برینداربون و بەربونەوە و هەندێکجار مردن لەسەر کارەکانیان دەبنەوە، دەڵێت: ئامارەکانی مردنی کرێکاران و زیان بەربونەوەیان ڕۆژانە ڕوو لە زیاندبوون دەکات، بەهۆکاری کەمتەرخەمی خاوەنکارەکان، لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ لەسەر ئەسکەلە لە کاتی کارکردن کرێکارێک دەکەوێتە خوارەوە، لە هەمان مانگدا لە پڕۆژەی مایۆرکا سیتی کرێکارێک لە کاتی کارکردندا دەکەوێتەخوارەوە، هەروەها لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا لە پڕۆژەیەکی دروستکردنی خانوو کرێکاریکی دیکە دەکەوێتە خوارەوە، بەشێکی زۆر لە کریکاران لە لایەن خاوەنکارەکانەوە گەرەنتیان بۆ ئەنجام نادرێت، سەندیکای کرێکاران بە ئەنجامدانی دەرچوون بۆ شوێنی کار لە هەوڵی ئەنجامدانی دروستکردنی هەوێی گەرەنتین بۆ کرێکاران لە سەرجەم شوێنەکانی کارکردندا، تا بتوانن لە کاتی ڕودانی هەر کارەساتێک لە ڕووی مادییەوە ڕوبەڕووی ئاستەنگی نەبێتەوە، بەڵام کاتێک سەردانی پڕۆژەکانی کارکردن یان دایەنگەیەک یان کارگەیەکی گەورە دەکەین، خاوەنکارەکان بە ئەنجامدانی فێڵ لە سەندیکای کرێکاران ژمارەی کرێکارەکانی دەرناخات، سەندیکا سەردانی کارگەیەک دەکات کە ٣٠٠ کارمەندی دەوێت، بەڵام هەوێی گەرەنتی تەنها بۆ ١٠٠ کارمەندی ئەنجامداوە، لێرەدا مافی کرێکارەکانی دیکە دەستەبەر نەکراوە.
" پێویستە ژنان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان لە کاتی کارکردندا هۆشیاریان پێبدرێت"
ڕێزان قادر، باسی لەوەشکرد، ژنان لە کاتی کارکردندا ڕوبەڕووی ئاستەنگی و دەستدرێژی و توندوتیژی کارکردن دەبنەوە، ژنان لەبەر نەبوونی کار و زۆری ڕێژەی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان لە هەرێمی کوردستاندا ناچار بە کارکردنێکی نایاسای دەکرێن، وتیشی: بەهۆی دەرچویەکی زۆر لە خویندکاری پەیمانگا و زانکۆکاندا، ژنان ناچار بە کارکردنێکی زۆر و وەرگرتنی بڕەپارەیەکی کەم دەبنەوە، ژنان لە ناویاندا بەر لێشاوی ئاستەنگییەکانی کارکردن دەکەون، لە ئەنجامی دابینکردنی بژێووی ژیانیان و دەستەبەرکردنی هەلی کار لە ڕیگەی خاوەنکارەکانیانەوە ڕوبەڕووی ئاستەنگی دەکرێنەوە، پێنەدانی موچەی کارکردن لە کاتی خۆیدا گرفتێکی دیکەی ژنانە، بەشێک لە کاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە کاری ژنان قورستر دەکەن، هەر کارمەندێکی ئەهلی موچەکەی لە ٣٥٠ هەزار دەستپێدەکات، بەڵام بەشێکی زۆری ژنان و کارمەندان ئاگاداری ئەو زانیاریانە نین، یان لەبەر ئەوەی دەرنەکرێن لە کارەکانیان ناچاردەبن بە موچەیەکی کەم کار بکەن، پێویستە ژنان هۆشیاری تەواوی یاساکانی کارکردن ببنەوە، لە ڕێگەی ئەنجامدانی سیمینار و کردنەوەی خولی هۆشیارکردنەوە لە لایەن سەندیکانانەوە، تا بتوانن بەرگری لە مافەکانیان لە کاتی کارکردندا بکەن.
لە کۆتاییدا، وتیشی: لایەنی پەیوەندیدار هەوڵ بۆ پاراستنی گیانی کرێکاران بدات، لە ڕێگەی دابینکردنی کەرەستە و پێداویستییەکانی کارکردن و ئەنجامدانی وۆرکشۆپ و سیمینار لە شوێنی کارەکان هەوڵی پاراستنیان بدەن، بەشێکی کەم لە کرێکاران بە تایبەت پیاوان پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی نادەن، هەندێکجار گەنجان لە کارگەکاندا پابەند نابن، لە کاتێکدا ڕوبەڕووی مەترسییەکانی گیانلەدەستدان دەبنەوە، هەروەها بەشێکی زۆر لە پڕۆژەکانی دروستکردنی نیشتەجێبوون تەواوی ڕێکارەکانی تەندروستی و کارکردنی تێدا دەستەبەر ناکرێت، لێرەدا پێویستە لایەنی پەیوەندیدار ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگرێتەبەر، ئێمە بەردەوام چاودێری شوێنەکانی کارکردن دەکەینەوە، لە ناو کرێکاراندا ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو پابەندی ڕێکارەکانی کارکردن دەبەنەوە، لە پێناو پاراستنی گیانی خۆیان و کەسانی چواردەوریان سەرجەم ڕێکارەکانی خۆپارێزی ئەنجام دەدەن، ئێمەی سەندیکای کرێکاران لە کاتی ئەنجامدانی کارەکان سەردانی شوێنەکان دەکەین تا بزانین کارەکانیان زیانی گیانی بەدوادا نایەت، هەرەوەها لە ڕێگەی ئەنجامدانی سیمینارەوە هەردەم ژنان هۆشیار دەکەینەوە، بەڵام پێویستە تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی پاراستنی کرێکاراندابن.