ژنان لە بواری سیاسی و سەربازیدا ڕۆڵیان لە پاراستنی خاکدا هەیە
لە یادی لەدایک بوونی هێرۆ خاندا، یادی چەندین ژنە شۆڕشگێڕی دیکە کرایەوە، دەربارەی ڕۆڵی ژنان لە شەڕی دژ بە داگیرکاراندا ئامینە ئەحمەد دەڵێت: گەڕیلا و ژنان پێشمەرگەی ڕاستەقینەی گەلی کوردن و پاراستنی خاکی کوردستان بە ئەرکی خۆیان دەزانن.
سلێمانی
دوێنێ ١٢ی حوزەیران لە مۆزەخانەی سەرای شاری سلێمانی یادی ٧٣ ساڵەی لەدایکبوونی هێرۆ ئیبرایم ئەحمەد کرایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پانۆڕامایەکی هونەریی هونەرمەند چۆڤین تاهیر پێشکەشکرا کە پێکهاتبوو لە پانۆرامایەکی سێ مەتری وێنەی هێرۆ خان و یادی ٧٣ ژنە شۆڕشگێڕی دیکە کرایەوە و تێکۆشانیان بەرز نرخێنرا.

مەراسیمەکە بە بەشداری ژمارەیەک لە ژنانی چالاکوان، سیاسەتمەدار، پێشمەرگەی کۆن و ژنانی شۆڕشگێڕ بەڕێوەچوو، ئامینە ئەحمەد هاوسەرۆکی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەربارەی پیرۆزبای خۆی ئاڕاستەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و ژنانی دیکەی شۆڕشگێڕ دەکات، هەروەها باس لەو هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئەو شەڕە ڕاگەیاندنییە دەکات کە لە میدیا حزبییەکانەوە بەڕێوەدەچێت.
ئامینە ئەحمەد باس لە ڕۆڵی ژنان لە ڕووبەڕووبونەوەی هێرشە داگیرکارییەکان دەکات و دەڵێت: ژنان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دژی داگیرکاری وەستاونەتەوە، ژنان لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا هاوکاری شۆڕش بوون و ڕۆڵیان هەبووە لە ڕێکخستنەکاندا ئێستاش گەڕیلا و ژنانی شەڕڤان دژ بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەجەنگن و پارێزگاری لە خاکی خۆیان دەکەن.
"ژن و پیاو وەک یەک بە ڕووی داگیرکاریەکاندا وەستاونەتەوە"
ئامینە باس لە ڕووداوەکانی ئێستا دەکات و پێی وایە لە ئێستادا ژنان و پیاوان بە هاوکاری یەکتر دژی هێرشە داگیرکارییەکان وەستاونەتەوە: تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی کلتور، پەروەردە و سیاسەتەوە خاکی کوردستان داگیر بکات، بۆیە پێویستە ژنان یەک دەنگانە بە ڕووی ئەو هێرشانەدا بوەستنەوە و هاوڕێ و هاوڕێباز بن.
"پارتی کرێکارانی کوردستان پشتیوانی تەواوی کوردستانی گەورەیە"
لە باسی شەڕی کورد بە کورددا ئامینە باسی لەوە کرد، حکومەتی ئێمە لەو ئاستەدا نییە شەڕی کورد بە کورد هەڵگیرسێنێت، پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە پشتیوانی یەکەمن لە پاراستنی خاکی کوردستان و هەر ئەوانن بەرگری لە کورد و کوردستان دەکەن دژی داگیرکاری.
دەربارەی شەری میدیایی ئەو هاوسەرۆکە وتی: لە ئێستادا میدیا کوردیەکان بانگەوازی ئەوە دەکەن پارتی کرێکارانی کوردستان دەستی بەم شەڕە کردبێت و پشێویان ناوەتەوە، بەڵام ئەوە دوورە لە ڕاستیەوە و ئەوان پێشمەرگەی ڕاستەقینەی گەلی کوردن، "لە مێژووەوە کورد دوژمنی هەیە، هەوڵدراوە گەلی کورد و لایەنە جیاوازەکان بە ڕووی یەکدیدا بووەستنەوە، بەڵام هیچ لایەنێک و تایبەت پارتی کرێکارانی کوردستان بە هێچ هێز و دوژمنێک لە بن نایەت".
لە کۆتایدا وتی دەبێت کورد یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بێت، تا بە ڕووی دوژمن و داگیرکاراندا بووەستنەوە و دەسەڵاتداران دەبێت لەوە تێبگەن کە تورکیا هەوڵ دەدات کورد بسڕێتەوە لە مێژوو نەخشەدا.
ت.پ