ژنان لە بەرامبەر شەڕ و دەستدرێژیدا پابەندبوونی خۆیان بە ئاشتی و یەکڕیزی نوێ دەکەنەوە
پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی بەردی بناغە بۆ گۆڕانکارییە بنەڕەتی و بەرچاوەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان پێکدەهێنن، واتە پێکەوەژیان و دەستەبەرکردنی یەکسانی ڕەگەزی.
ناوەندی هەواڵ
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فشار و هێرش و شەڕە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێتی ژنانی کورد لە بەردەم ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئامەد، بە دروشمی "بە سەرکردایەتی و یەکڕیزی ژنانی کورد بەرەو بونیادنانی یەکێتی نەتەوەیی"، ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتییان ڕێکخست.
پەیامی یەکگرتوویی ژنان لەم ڕێپێوانەدا بەرچاو بوو، چیمەن فیدان، وتەبێژی تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" ڕایگەیاند، ژنانی کورد لە پێناو ئازادی و کولتوور و ناسنامەی خۆیان خەبات دەکەن.
ڕوونیشیکردەوە، ساڵانێکە شەڕێکی توند لەسەر خاکی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچێت و ژنانیش لەم شەڕانەدا باجی قورس دەدەن، چونکە بەردەوامن لە خەبات بۆ ئازادی و کولتوور و ناسنامەی کوردی.
ستایشی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد کە لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەستیپێکرد و وتی: ژنان بە توندی پشتیوانی لێ دەکەن و سیستەمی ژنان لەسەر بنەمای دامەزراندنی ژیانێکی ئازاد و یەکسانە، کە ئەم پرۆسەیە دووپاتی دەکاتەوە.
”ژنان پێشەنگایەتی ڕێگاکە دەکەن”
چیمەن فیدان سەرنجی بۆ تەڤگەری ٢٧ی شوبات ڕاکێشا کە بەرپرسیارێتی پێشەنگایەتی بە ژنانی کورد دەسپێردرێت، لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە، ژنان بەڵێنیان دا دەستپێشخەری بکەن، چونکە سیستەمی ژنان بنەڕەتییە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکی، کاتێک ئەم سیستەمە دامەزرا، ژیانێکی یەکسان و ئازاد و سروشتی لەخۆدەگرێت و دەیپارێزێت.
جەختی لە گرنگی بنەما مرۆییەکان کردەوە و ڕایگەیاند، هیچ جیاوازییەک لە ئایین و نەتەوە و کولتووردا لەناو کۆمەڵگەدا نییە، هەمووان پێکەوە دەژین، هیچ جیاوازییەک لە نێوان ڕەگەزەکاندا نییە، نە لە نێوان گەلەکاندا.
پێی وایە ژنان باجی هەموو شتێک دەدەن، بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان لە هەموو کۆبوونەوەکانیدا وتوویەتی: بۆ ئاشتییەکی بەردەوام، ئاشتییەکی شکۆمەندانە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، باوەڕم وایە ژنان پێشەنگایەتی ئەم پرۆسەیە دەکەن، تا ئێستا باجێکی قورسیان داوە، و باوەڕم وایە توانایان هەیە، ژنان بە فەلسەفەی ئازادی پێشەنگایەتی دەکەن.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە ژنان بڕیاریان داوە لە پێناو ئاشتی و ژیانێکی ئازاددا تێکۆشان بکەن، وتی: ژن ڕۆڵی لە خەباتدا هەیە، خەباتی ژنان ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە و پانتاییەکەی فراوانتر بووە، هەروەک چۆن لە شەڕدا خەبات لە پرۆسەکانی ئاشتیدا کەمتر قورس نییە، بۆیە تا هەوڵەکان بۆ ئاشتی زیاتر بن، تێچووی زیاتر دەبێت، چونکە ئێمە داوای ژیانێکی ئارام دەکەین، ژنانیش ئیرادەی خۆیان لەم ڕووەوە نیشانداوە.
“یەکگرتووی ژنانی کورد و گەلی کورد زۆر چارەنووسسازە”
چیمەن فیدان تیشکی خستە سەر یەکڕیزی ژنانی کورد و گەلی کورد و وتی: یەکگرتووی ژنی کورد و گەلی کورد زۆر گرنگە، بۆ بەدیهێنانی ئەمەش ژنان بەرنامە و پلاتفۆرمێکیان دەرکردووە، کۆبوونەوەی یەکێتی ژنانی کورد ئەنجامدراوە و ئامادەکارییەکان بۆ ئەو کۆنگرەیە بەردەوامە.
پرسیاری کرد "بۆچی یەکگرتوویی ژنان گرنگە؟ بۆچی کاریگەرە؟" لەوەڵامدا، وتی: جەنگێکی توند و بەربڵاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە کوردستان، کە دەستکەوتەکانی ژنان دەکەنە ئامانج، لەبەر ئەوەی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان پلانێکی نوێیان بۆ سەدەی داهاتوو داڕشتووە، ئەم شەڕە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەپێدەدەن.
"خۆڕێکخستن و یەکگرتوویی ئەوەیە کە گەلی کورد ڕزگار دەکات"
ئاماژەی بە پیلانەکانی کردە ئامانجی گەلی کورد، وتی: دەستکەوتەکانی ئێستا لە مەترسیدان، وەک چۆن سنوورەکانی کوردستان لە سەدەی ڕابردوودا کێشران، و ئەوان هیچ دەستکەوتێکی کوردیان نەویست، ئەمڕۆش لە چوارچێوەی هەمان پلانەکاندا هەوڵی تێکدانی ئەو دەستکەوتانە دەدەن، بۆیە یەکڕیزی کورد باغەییە، ئەوەی گەلی کورد ڕزگار دەکات، خۆڕێکخستنەوە و بونیادنانی یەکڕیزییەکەیەتی.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە کاتێک ژنان یەکبگرن، پێشەنگایەتی یەکڕیزی گەلی کورد دەکەن، هەروەها زۆر گرنگە کە هێزەکانی ژنان لە سەرتاسەری کوردستان و تورکیا و ڕەوەند کاربکەن بۆ بونیادنانی یەکڕیزیی خۆیان و پێشەنگایەتیکردنی ئەم پرۆسەیە و ببنە هەوێنی بونیادنانی یەکێتی گەلی کورد.
"ئێمە بەردەوام دەبین لە پێشەنگایەتیکردن"
چیمەن فیدان، وتەبێژی تەڤگەری ژنانی ئازاد، بەڵێنی بەرقەرارکردنی ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکیدا، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: وەک ژن، پەرەمان بە ڕێکخراوەکەمان داوە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی بەردەوام و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، هەروەک چۆن دوێنێ خەباتمان کرد، ئەمڕۆش لە هەموو شوێنێکدا لە شەقامەکانداین، کاردەکەین بۆ پەرەپێدانی ڕێکخراوەکەمان، لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین لە پێشەنگایەتیکردنی ئەم پرۆسەیە.