ژنان هەمیشە پیشەنگن لە فێستیڤاڵەكان
لە کۆمەڵگەی خاڵخاڵانی شاردەێی شوان، فێستیڤاڵی بەرهەمە ناوخۆییەکان بەڕێوەچوو، وەک هەمیشە ژنان پێشەنگی فێستیڤاڵەکە بوون و بەرهەمەکانیان ناساند.

شیا کۆیی
شارەدێی شوان-لە رۆژژی ٢٢ی ئاب، بە چاودێری پارێزگای كەركوك لە پاركی گەشتیاری قەرەناو لەسەر زێی بچوك لە كۆمەڵگای خاڵخاڵانی سەر بە شارەدێی شوان- فیستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵیەكان بەڕێوەچوو.
فێستیڤاڵەكان لە ئێستادا تەنها وەك بۆنەیەك سەیر ناكرێت بەڵكو هەروەك جەژنیان لێكردووە ژنان بەجلوبەرگی كوردی بەشداری دەكەن و زۆربەی میوانەكانیش هەر بەجلی كوردیەوەن. هەروەها بوونەتە هۆی كۆبوونەوەی كۆمەڵایەتی و هەموو خزم و هاوڕی و دراوسێ پێكەوە دەچن و پێیانوایە ئەو جۆرە فێستیڤألانە وەك جەژنێكە بۆ ئەوان، هاوكات گەشتێكە بەهۆی ئەوەی ناوچەکە كەوتۆتە سەر زێی بچوك و دیمەنێكی دڵڕفێنی هەیە.
ئەوە دووەم فێستیڤاڵە لە پاركی گەشتیاری قەرەناو بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵ بەشداری خەڵك زۆر زیاترە لەچاو ساڵی پار، لەهەمو شارەكانەوە خەڵك هاتوون، لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش ژنان بەشداریان كردووەو شتەكانیان ساغ دەكەنەوە، رێژەی ژنان بە ٦٠٪ زیاترە لە پیاوان.
هەنار ئەنوەر لەكۆیە هاتووە بۆ فێستیڤاڵ وتی: بە خواردن وشیرنی بەشدارم، یەكەم ساڵە بەشداری لەفێستیڤاڵەكان دەكەم و زۆر دڵمان پێی خۆشە، حەزم لەو كارەیەو خواردنی خۆش ئامادە دەكەم، ولانمان هەیە لەمەودوا كارەكەم زیاتر بایەخ پێبدەم دوكان دابنێم.
نیگار ئەبوبەكر، ژنێكی دیكەیە لە كۆیەوە هاتووە بۆ بەشداری كردن و وتی: بە خواردنی كوردەواری بەشدارم، كوبە و دۆڵمەو بریانی و بۆرەك و شەربەتی خۆماڵیم هێناوە، متمانەم بەخۆمە و شتەكانمانم خێرا ساغ دەبنەوە. خواستی زۆر لەسەر بریانی و دۆڵمەیە، جێی خواردنێك تەنها بەیەك هەزارە و رەچاوی باری دارایی خەڵكیان كردووە.
نەجات عەلی حەمید هاوشێوەی ژنەكانی دیكە بەجلی كوردی بەشداری فێستیڤاڵەکەی كردووە وخەڵكی شارۆچكەی تەق تەقە وتی من بە شیرینی و دروستكردنی چەند جۆرێك خواردن و گەنمەشامی بەشدارم و زۆر خۆشحاڵم، لەماڵەوە شیرنیەكان بە ماركێتەكان دەفرۆشم ئەوان لێم وەردەگرن، هیوادارم ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بەردەوام بێت تا ژنان بتوانن سودی لێببینن.
گوڵناز محەمەد لە كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە هاتووە بەكۆمەڵێك كاری ئاڵو واڵای دەستی خۆی بەشدارەو وتی: خۆشحاڵم كەبەشداریم لەم فیستیڤاڵەدا كردووە، هەرچەندە زەحمەتە بەڵام بۆ هەمو فێستیڤاڵەكان دێم تا شتەكانم ساغ كەمەوە، تەنیا كاری دەستی دەكەم تا ئیستاش بەردەوامم و دڵخۆشم بەكارەكەم.