ژنان بە نیشاندانی کولتووری کوردی ڕەنگیان بۆ فێستیڤاڵی شەهید بێریتان زیاد کرد

ژنانی کامپی مەخموور بە دەنگ و خواردن و هەڵپەڕکێ و هەموو جۆرەکانی کولتووری کوردی بەشدارییان لە نۆیەمین فێستیڤاڵی کولتوورو هونەری شەهید بێریتان کردو ڕەنگیان بۆ فێستیڤاڵەکە زیاد کرد و وتیان: بێریتان بۆ ئێمە هێمای ژیانە.

نوپەلدا دەنیز

 

مەخموور-نۆیەمین فێستیڤاڵی کولتووری و هونەری شەهید بێریتان لە ڕۆژانی ٢٤-٢٥ی تشرینی یەکەم بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی عشتار بە دروشمی "لە بەرامبەر مۆدێرنیتی سەرمایەداری، کە بە عەقڵی پیاو بونیاد نراوە، بە عەقڵی ژن بە دڵ و میتۆدەوە بناغەی بونیادنانی سەردەمی ژنێکی ئازادە" لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور "بەڕێوەدەچێت و لە ماوەی دوو ڕۆژدا کار و بەرهەمی کوردی ژنانی کامپەکە ڕەنگ و تام و چێژیان بە فێستیڤاڵەکە بەخشی.

 

بەرەبەیانی ٢٤ی تشرینی یەکەم، چووینە شوێنی کاری دەستی کوردی لە دەروازەی پارکی ٤ی نیسان کە نمایشەکەی تێدا بەڕێوەچوو، یەکەم وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێشتر لەلایەن ژنانی کامپەکەوە دروستکرابوو و پانکارتی "بەخێربێن بۆ فێستیڤاڵی شەهید بێریتان" بەخێرهاتنی کردین، ژنانی کامپەکە بە جلوبەرگی کوردی خۆیان نمایشەکەیان ڕازاندەوە، پارکەکە بە کاری دەستی دایکان و وێنەی هونەری وۆرکشۆپی شەهید دەلیلا و کاری دەستی وۆرکشۆپی شەهید ئاڤیان بوڵدان و وێنە و تابلۆی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئازادیخوازانی کوردستان و ژنانی شۆڕشگێڕ و جلوبەرگی نەتەوەیی و بەرهەمی کولتووری ڕازاوەتەوە، ئەو وێنانەی کە ژنە گەنجەکانی کامپەکە دروستیان کردبوو، ڕەنگیان بەخشییە پێشانگاکە، کاری دەستی لەلایەن ئەندامانی وۆرکشۆپی شەهید ئاڤیان بوڵدان دروستکراوە و کارە دەستییە کۆنەکانیش زۆر سەرنجڕاکێش بوون.

 

دەنگی دایکان ئێمەی بردەوە مێژوو

 لە لایەکی دیکەی پارکەکەدا چادرێک دانرابوو و دایکانی کامپەکە لە ناوەوە و دەوروبەری چادرەکە دانیشتبوون، لە تەنیشت چادرەکەوە ژمارەیەک خانوو هەبوون کە لە قوڕ دروستکرابوون، دایکان هەم لەناو چادرەکە و هەم لەبەردەم دەرگای چادرەکەدا هاواریان دەکرد، دایکان لەبەردەم دەرگاکەدا دەنگبێژیان دەوت، لە پشت ئەو دایکانەی کە قسەیان دەکرد، سەرنجم دا دوو دایک کە نانیان بۆ میوانەکان دروست دەکرد، دایکێک نانەکەی دەکردەوە، دایکی تریش نانەکەی دەبرژاند، لە تەنیشت ئەوانەوە دایکێک خەریکی دروستکردن و دابەشکردنی چا بوو، هەروەها میوانەکان لە دەوری دایکانیان کۆبوونەتەوە کە گۆرانی دەوت و نانیان دەخوارد، پێشانگاکە تا ئێوارە کراوە بوو بەڕووی خەڵکدا.

 

 هەر لەو ڕۆژەدا لە ئێوارەدا، لە دەزگای بنەماڵەی شەهیدان سینەفزیۆنێکی تایبەت بە ژیان و کەسایەتیی بێریتانی شۆڕشگێڕ ئامادەکرا و بیندرا و بۆ بەدیهێنانی ئیرادەی بێریتانی شۆڕشگێڕ، حەلوا لەلایەن دایکانی کامپەکە بەسەر خەڵکدا دابەشکرا.

 

خواردنی کوردی پێشکەش کرا

ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەم، دووەم ڕۆژی فێستیڤاڵەکە، پاشنیوەڕۆ لە ڕێکخراوی گەنجان، خواردنی جۆراوجۆری کوردی پێشکەش کرا، نزیکەی ٣٠ دایکی کامپی خۆراک خواردنی کوردەواری سەر بە ناوچە و گوندەکەیان ئامادە کرد، جۆرەها خواردنیان دروست دەکرد وەک بریانی، یاپراخ، دیڤین، دان و ماست، کەلەدۆش، شیرینی و هتد. هەر دایکێک بە جلوبەرگی کوردەوارییەوە لەبەردەم ئەو خواردنانە وەستابوو کە بە دەستی خۆی دروستی دەکرد و خواردنەکەی بەسەر میوانەکاندا دابەش دەکرد، دایکەکان دەیانویست میوانەکان تامی هەموو خواردنە ئامادەکراوەکان بکەن.

 

 فێستیڤاڵەکە دوای نیوەڕۆ بە ئاهەنگێک کە لە ناوەندی کولتووری و هونەری مەخموور بەڕێوەچوو کۆتایی هات، ناوچەی ئاهەنگ لەلایەن لیژنەی ئامادەکاری فێستیڤاڵەوە بە پۆستەری شەهیدانی پێشەنگی تەڤگەری ئازادی و پۆستەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵای کەجەکە-کەژەکە ڕازابووەوە، سەرەتا خوێندکاران و مامۆستایانی مەخموور و پاشان جەماوەر ڕوویان لە ناوچەی کات بەسەربردن کرد، دوای قسەکردن لەسەر واتاو گرنگی ئەو ڕۆژە، گروپی هەڵپەڕکێ بە ناوی سلاڤێن ڕۆژ کە لە ژنانی گەنج بە جلی کوردی پێکهاتبوون، هاتنە سەر شانۆ و هەڵپەڕکێکەیان پێشکەشی خەڵک کرد، پاشان هونەرمەند زاهیر لۆران بە گۆرانیی پڕ جۆش و خرۆش میوانداری ئامادەبووانی کرد.

 

 ئەو ژنانەی بە خواردنی خۆیان بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە و ئەو ژنە گەنجانەی کە بەشداری گروپی هەڵپەڕکێیان کردووە قسەیان بۆ دەزگاکەمان کرد.

 

"ئێمە قەرزاری هاوڕێ بێریتانین"

هەلیم شرناخی کە خواردنی بۆ فێستیڤاڵەکە ئامادە کردووە، ڕایگەیاند ئامانجیان یادکردنەوەی بێریتانی شۆڕشگێڕە و وتی: فێستیڤاڵەکەمان بۆ یادی شەهید بێریتان بەڕێوەدەچێت، ئێمەی ژنان سەر بە کولتووری بێریتانین، ئەمڕۆ دایکانی کامپەکە هەریەکەیان جۆرێک خواردنی نەریتی سەر بە هەرێمەکەیان ئامادە کرد و بەشداریان کرد, خواردنە کوردەواریەکان زۆر باشن بۆ تەندروستی مرۆڤ،  ئامانجمان ئەوە نییە کولتووری خۆمان لەبیر بکەین، هەرگیز نابێت هاوڕێ بێریتان لەبیر بکەین، قەرزاری هاوڕێ بێریتانین، ژنێکی چالاک و شۆڕشگێڕ بوو دژی خیانەت ڕێوشوێنی گرتەبەر، فێستیڤاڵەکەمان تەرخان دەکەین بۆ ڕێبەر ئاپۆ و ئازادیخوازانی کوردستان.

 

"بۆ ئێمە هێمای ژیانە"

شیرین ئاڤیانی، کە بەشداری فێستیڤاڵەکەی کردووە، وتی: سەرەتا هاوڕێ بێریتان بەبیردەهێنینەوە، وەک خەڵکی کامپەکە فێستیڤاڵەکەمان پێشکەش بە ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدەکانمان دەکەین، وەک ژنان بە ڕۆحێکی گەرمەوە بەشداری فێستیڤاڵەکە دەکەین، بۆ ئێمە هەموو شەهیدێک فەلسەفەی ژیانە، دەمانەوێت هەموو ژنانی کورد خاوەنی میراتی شەهید بێریتان بن، بێریتان بۆ ئێمە هێمای ژیانە.

 

 فەهیمە ئاڤیانی بە کوڵاندنی خواردنی کوردی خۆی بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا کردو هەمیشە بەشداری فێستیڤاڵەکە دەکەن و خواردنی کوردەواری بۆ فێستیڤاڵەکە ئامادە دەکەن.

 

"کات کاتی ڕاپەرین و بەرخۆدانە"

 شیلان بیلەن، یەکێک لە ژنە گەنجەکانی ناو گروپی هەڵپەڕکێ بەناوی سلاڤەکانی ڕۆژ، بەم قسانە باسی فێستیڤاڵەکەی کرد و وتی: سەرەتا سڵاوی خۆمان بۆ ڕێبەر دەنێرین و ئیدانەی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر دەکەین، با هەمووان بزانن کە ناتوانن ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد لە یەکتر جیا بکەنەوە، وەک ژنانی گەنج شانازی بەو شۆڕشە دەکەین کە شەهید بێریتان دەستیپێکرد، وەک دەزانرێت فێستیڤاڵی شەهید بێریتان لە کامپی مەخموور دوو ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێت و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، فێستیڤاڵەکە لە دووەم ڕۆژیدا بە ئاهەنگێک کۆتایی دێت، ئێمە وەک ژنانی گەنج ویستمان بە هەڵپەڕکێ وەڵامێک بدەینەوە بە دوژمن، داوا لە هەموو کورد و کوردستانیان دەکەین پاڵپشتی ڕێبەر بن، کاتی ڕاپەرین و بەرخۆدان هاتووە.