ڕۆژنامەنووسێکی ئەفغانی خەڵاتی ڕۆژنامەگەری نێودەوڵەتی بەدەستهێنا
سەلما نیازی، بەڕێوەبەری کارگێڕی ڕۆژنامەی ئەفغان تایمز، لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی هیندستان و پیرۆ، خەڵاتی باشترین ڕۆژنامەنووسی گەنجی ساڵی ٢٠٢٥ی بەدەستهێنا، کە لەلایەن کۆڕبەندی جیهانی سەرکردە گەنجەکانەوە پێشکەشکرا.

ناوەندی هەواڵ
کۆڕبەندی جیهانی سەرکردە گەنجەکان لە ڕاگەیاندراوەکەدا کە ڕۆژی ١٣ی ئەیلوول بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند، سەلما نیازی ئەو خەڵاتەی وەرگرتووە وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵە کاریگەرەکانی لە پشتیوانیکردنی ڕۆژنامەگەری سەربەخۆ و گەورەکردنی دەنگی ژنانی ئەفغانستان بە بارودۆخێکی سەختدا، لەگەڵ دوو ڕۆژنامەنووس لە هیندستان و پیرۆ.
کۆڕبەندی جیهانی سەرکردە گەنجەکان لە ڕاگەیاندراوەکەدا، کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا بڵاوکراوەتەوە، ڕوونیکردۆتەوە کە ئەم خەڵاتە دەبەخشرێت بە ڕۆژنامەنووسە گەنجەکانی تەمەن ١٨ بۆ ٣٥ ساڵ کە کاریگەرییەکی بەرچاویان لە بوارەکانی ئازادی ڕادەربڕین و مافەکانی مرۆڤدا هەبووە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکانی سەلما نیازی ئیلهامبەخش بووە بۆ نەوەی نوێی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانی و نمونەیەکی بەرخۆدان و گێڕانەوەی ڕاستی و دەنگێکی بۆ ژنانی ستەملێکراو دابین کردووە، دوای ئەوەی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٢١ ئەفغانستانی کۆنترۆڵکردەوە، سەلما نیازی ڕووی کردە پاکستان، لەوێ بۆ ماوەی دوو ساڵ لە حەشارگەی ژیاوە و دواتر گواستیەوە بۆ دبلن، دواتر بۆ دەربەدەری، بە هاوکاری لەگەڵ گروپێکی ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر کە بە نهێنی لە ناوخۆی ئەفغانستان کاریان دەکرد، بەردەوام بوو لە کارە ڕۆژنامەوانییەکەی.
هەروەها لە کۆڕبەندەکەدا تیشک خرایە سەر دەستپێکردنی پۆدکاستی ئۆپن مایک لەلایەن سەلما نیازی لە مانگی نیسانی ٢٠٢٤، کە تێیدا ٥٠ ژنی گەنجی ئەفغانی چیرۆکی تایبەتی خۆیان لەبارەی خۆڕاگری و بەرخۆدانەوە باسکرد، هەروەها دوو ژمارەی گۆڤارێکی بڵاوکردۆتەوە کە ژمارەکانی ژنانی ڕووماڵ کردووە، بەناونیشانی "ژن و نائاسایشی خۆراک لە ئەفغانستان" و "ژوورێکی داخراو: دەنگی ژنانی ئەفغانستان".
جگە لەوەش، سەلما نیازی تۆڕێکی هەشت ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەری گەنجی پەروەردە کردووە و پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ زیاتر لە ١٠٠ ژنی گەنجی ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری ئەفغانستاندا هەیە، کە ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی وڵاتەکە لە بواری ڕۆژنامەگەری بەرخۆدان.
سەلما نیازی سێیەم ڕۆژنامەنووسی ئەفغانییە کە لە دوای دەستبەسەرداگرتنی تاڵیبانەوە ئەم خەڵاتە بەناوبانگە بەدەستبهێنێت، پێش ئەویش لوتفوڵا نەجەفیزادە، بەڕێوەبەری کەناڵی "ئامۆ" لە ساڵی ٢٠٢٢ و زەهرا جۆیا، دامەزرێنەری کۆمپانیای "ڕۆخشانا میدیا" لە ساڵی ٢٠٢٣.
ئەم خەڵاتە بەرجەستەی پابەندبوونی سەلما نیازییە بە ڕاپۆرتکردنی ڕاستی و داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان لە ئەفغانستان، هەروەها سەرنجی جیهانی لەسەر ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان لە خەبات بۆ دادپەروەری و یەکسانی چڕ دەکاتەوە.