ڕۆژنامەنووسان سەردانی گۆڕی گوڵستان تارایان کرد

ئەندامانی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا و کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات، سەردانی گۆڕی ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارایان کرد و وتیان: ئێمە لە نووسینی ڕاستییەکان بۆ ساتێکیش پاشەکشە ناکەین.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٢٣ی ئاب، لە شارۆجکەی سەیدسادقی سلێمانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک، ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسان کرایە ئامانج و بەهۆیەوە گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین گیانیان لەدەستدا، گوڵستان تارا کە خەڵکی باکووری کوردستان بوو، ڕۆژی ٢٩ی ئاب ماڵئاوایی لە تەرمەکەی کرا بەرەو زێدی خۆی و لەوێ بەخاک سپێردرا.

 

لە شاری ئیلحی باکووری کوردستان، ئەندامانی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا و کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات، سەردانی گۆڕی ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارایان کردو ڕۆژنامەنووس کبریە ئەڤرەن، لە سەر ناوی بەشداربوانەوە قسەی کرد و وتی: دەنگی ڕۆژنامەوانی ئازاد هەرگیز بێدەنگ نەبووە و نابێت، هەروەک چۆن پێشتر ڕاستییەکانمان بە خوێنی خۆمان نووسیوە، ئەمڕۆش ئەگەر پێویست بکات بە خوێنی خۆمان ڕاستی دەنووسینەوە.

 

جەختی لەوەش کردەوە، بەڵێن بە شەهیدانی ڕێگەی ڕاستی دەدەن، کە بۆ ساتێکیش لە نووسینی ڕاستیەکان پاشەکشە ناکەن.