ڕۆژنامەنووس ژینا مودەڕیس گورجی سزای زیندانی بەسەردا سەپیندرا

ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی بواری مافەکانی ژنان لە سنە، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە سزاى ٢١ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە، بە بیانووی "پێکهێنانی گرووپ و دەستەی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخاندنی حکومەت" "هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەردا" سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەپێندرا.

 

هەروەها بە بیانووی" دامەزراندنی ئەنجوومەنی ژیوانۆ بە ئایدیۆلۆژیای فێمێنیستییەوە بە مەبەستی ڕووخاندنی حکومەت"، "بەشداری کردنی مەبەستدار لە کۆبوونەوەدا و وتنەوەی درووشمی دژەباو و ڕووخێنەرانە"، "پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ کەسانی دژە شۆڕشدا"، "بەشداری کردن لە کۆنفرانس و وۆرکشۆپی فێرکاریی نێودەوڵەتیدا"، "بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و وتووێژکردن لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی ئێراندا بە مەبەستی ڕەشکردنی بارودۆخی ئێران و تێکدانی فەزای کۆمەڵگە لە قۆناغی هەستیاری دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیدا" وەک نموونە بۆ سەلماندنی تۆمەتەکان ڕاگەیەندراوە.

 

دادگای شۆڕشی ئیسلامی بۆ ڕووبەڕووکردنەوەی ئەو تۆمەتانە و تاوانبارکردنی ژینا مودەڕیس گورجی، پشتی بە ڕاپۆرتەکانی ئیتلاعات بەستووە، هەروەها ڕایگەیاندووە کە بەندکردنی ئەم چالاکوانەی مافەکانی ژنان لە زیندانی سنەدا بە هۆی "ئەگەری چالاکیی تێکدەرانەی ئەمنی" وەک "خراپەکاریی ئەمنی" وایە و بەپێی مادەی ٥١٣ یاسای دادگاییکردنی کەیفەری، بڕیاری داوە سزاکە لە زیندانی هەمەداندا جێبەجێ بکرێت.

 

ژینا مودەڕیس گورجی پێشتر دوو جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمەوە دەستگیر کراوە، کە یەکەم جار لە ماوەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و لە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢  لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتەوە لە شەقامێکی سنەدا بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کرا و دوای ٤٢ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندی ژنانی زیندانی سنە، لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەن بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

 

بۆ جاری دووەم لە سەرەتای مانگی نیسانی ٢٠٢٣ دەستبەسەر کرایەوە و پاش ٨٤  ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٥ ملیار تمەن بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە ئازاد کرا.

 

دواجاریش ڕۆژی ٢١ی  ئەم مانگە، دادگا سزای ٢١ ساڵ زیندانی کردنی بۆ دەرکرد.