زیاتر لە ٥٣ هەزار خۆپیشاندەر لەلایەن ڕژێمی ئێران دەستبەسەر کراون

ڕێکخراوی هەرانا بڵاوی کردەوە، تا ئێستا لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێراندا تا زیاتر لە حەوت هەزار کەس کوژراون، زیاتر لە ٥٣ هەزار خۆپیشاندەریش دەستبەسەر کراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماری کوژران و دەستبەسەرکراوان و برینداربوونی خۆپیشاندەرانی لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە سەرەتای دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئیراندا، تا ئێستا، حەوت هەزار و هەشت کەس کوژراون و ٥٣ هەزار و ٣٣٤ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون، هەروەها ٢٥ هەزار و ٨٤٥ خۆپیشاندەریش بریندار بوون.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، لە نێو ژمارەی کوژراوەکاندا شەش هەزار و ٥٠٩  کەسیان خۆپیشاندەر بوون، لە ناویاندا  ٢١٩ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ هەیە، هەروەها ٢١٤ کەسیش لە هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران و ٦٦ کەسیش لەو هاوڵاتییانەن، کە بەشداری خۆپیشاندانەکان نەبوون و کوژراون، جگە لەوەش ١٣٩ خوێندکاری زانکۆ دەستبەسەر کراون.

 

ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، ١١ هەزار و ٥١ کەس بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران کراون، جگە لەوەش دانپێدانانی زۆرەملێی ٣٥١ خۆپیشاندەر تۆمار کراوە.