ڕژێمی ئێران دوو خوشکیان لە بۆکان دەستبەسەر کرد
دوو خوشکی دانیشتووی شاری بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەکانی حومەیرا ئەمینپوور و شەوکار (شلێر) ئەمینپوور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
ناوەندی هەواڵ
ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، سەبارەت بە دەستگیرکردنی دوو خوشکی خەڵکی شاری بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، لە ٢٧ی ئایار، دوو خوشکی دانیشتووی شاری بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەکانی حومەیرا ئەمینپوور تەمەن ٥٠ ساڵە و شەوکار (شلێر) ئەمینپووری خوشکی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران بە بێ نیشاندانی مۆڵەتی فەرمی و بە شێوازێکی کتوپڕ هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی شەخسیی ئەم دوو خوشکە لە بۆکان و دەستبەسەریان کردوون، هاوکات لە کاتی گرتنەکەدا، هێزەکان دەستیان داوەتە پشکنینی وردی ماڵەکانیان و دەستیان بەسەر ژمارەیەک لە کەلوپەلی تایبەتی و شەخسیی ئەواندا گرتووە.
تائێستا، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنیان و شوێنی ڕاگرتنی فەرمییان لە لایەن دەزگا ئەمنیی و دادوەرییەکانەوە بە بنەماڵەکانیان ڕانەگەیەندراوە، چارەنووسیان نادیارە.