ژمارەی کوژراوانی هێرش بۆ سەر بازاڕی دیلنج بۆ حەوت کەس بەرز دەبێتەوە کە دوو ژنیان تێدایە
ژمارەی زیانلێکەوتووانی بۆردوومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر بازاڕ لە شاری دیلنج لە باشووری کۆردۆفان بۆ حەوت کەس بەرزبووەوە و ٣٢ کەسی دیکەش برینداربوون.
سودان
تۆڕی پزیشکانی سودان ١٧ی کانوونی دووەم لە ڕاپۆرتێکدا، ڕایگەیاند، کە ژمارەی کوژراوانی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر بازاڕێک لە شاری دیلنج لە پارێزگای کۆردۆفانی باشوور لە باشووری ڕۆژئاوای سودان بۆ حەوت کەس بەرزبووەتەوە کە سێ منداڵ و دوو ژنیشیان تێدایە، هەروەها ٣٢ هاوڵاتی دیکەش بریندار بوون کە زۆربەیان منداڵ و ژن بوون و هەندێکیان بە سەختی بریندار بوون.
سوپای پاسداران هێرشەکەی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ١٥ی کانوونی دووەم ئەنجامدا و بازاڕێکی شاری دیلینجی کردە ئامانج.
تۆڕی پزیشکانی سودان بە توندی ئەو هێرشەی شەرمەزارکرد کە بە پێشێلکارییەکی قورسی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و تاوانێکی سیستماتیکی دژ بە خەڵکی مەدەنی بێ چەک پێناسەکرد، هەروەها بە ئامانجگرتنی ناوچەی نیشتەجێبوون و بازاڕەکان و کۆبوونەوەی مەدەنییەکان نوێنەرایەتی پەرەسەندنێکی مەترسیدار دەکات کە ئازارەکانی خەڵکی مەدەنی زیاتر دەکات و هەر هەوڵێک بۆ پاراستنیان تێکدەدات.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا سەرکردەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە تەواوی بەرپرسیارێتی ئەم هێرشانە و زیاملێکەوتووان و برینداربوونی مەدەنییەکانی دەرئەنجامی بە ئامانجگرتنی دامەزراوە مەدەنییەکان خستووەتە ئەستۆ، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی لە سودان، زیاتر داوای فشاری کردووە بۆ ڕاگرتنی بەئامانجگرتنی ناوچە مەدەنییەکان و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر پارێزگای کۆردۆفانی باشوور، بەتایبەتی شاری دیلنج کە بەهۆی کەمی پێداویستییە خۆراکییە سەرەتاییەکانەوە بەهۆی گەمارۆکانەوە هاتۆتە قۆناغی سێیەمی برسێتیەوە.
شایانی باسە لە ڕۆژی دووەمی دوای کۆمەڵکوژییەکە، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی ڕایانگەیاند، کە لە هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێزەکانی پیشتیوانی خێرا کە بازاڕێکی شاری دیلینجیان کردە ئامانج، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٥ کەسی دیکەش برینداربوون، نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی "OCHA" لە سودان وەڵامی دایەوە و وتی: نیگەرانین لە ڕاپۆرتەکانی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بازاڕێکی قەرەباڵغ لە دیلنج لە باشووری کۆردۆفان.