ژمارەی گیانلەدەستدان بە نەخۆشی کۆلێرا لە نەیجیریا گەیشتە ٦٣ کەس

لە ڕیزبەندی زۆرترین تووشبووانی کۆلێرا لە کۆی ١٤ وڵات ئەفریقا پلەی دووەمی بەدەستهێناوە و لە دوای ئەویش ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دێت کە زیاتر لە ٩٨ هەزار حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا تۆمارکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەسەڵاتدارانی وڵاتی نەیجیریا ڕایانگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا گیانیان لەدەستداوە بۆ ٦٣ کەس بەرزبووەتەوە و دوو هەزار و ١٠٢ کەسیش گومانی تووشبوونیان بەو نەخۆشییە هەیە.

 

بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکانی نەیجیریا ئەمڕۆ ٨ی تەمووز پشتڕاستیکردەوە کە ٩٠%ی حاڵەتەکانی تووشبوونیان لە ١٠ ویلایەتی وڵاتەکەدا تۆمارکردووە، کە حەوتیان لە ناوچەی باشووری وڵاتەکە بوون، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی پەتاکە بەهۆی خواردنی خۆراک و ئاوی پیس بوو.

 

مانگی حوزەیران ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەرهەڵدانەوەی تووشبووانی کۆلێرای لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا، ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەمەریکا، ئەوروپا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ئاشکرا کرد، هاوکات ئەفریقا لە لیستی زۆرترین تووشبووانی کۆلێرا لە کۆی ١٤ وڵات، پلەی دووەمی بەدەستهێنا، بەدوایدا ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دێت، کە زۆرترین ژمارەی تووشبووانی تۆمارکردووە، زیاتر لە ٩٨ هەزار تووشبوو لە حەوت وڵاتەوە.