ژمارەی قوربانیانی غەززە تا دێت زیاد دەکات

بەهۆی شەڕی بەردەوامی نێوان هێزەکانی حەماس و ئیسرائیل، ژمارەی کوژراوان و برینداربوون تا دێت زیاد دەکات، جگە لەوەی قەیرانی ئابووری و توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەڵکشاندایە.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی تەندرووستیی غەززە و وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانییانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیاوازدا ئاماری نوێیان بڵاو كردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستیی غەززە هاتووە، بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٠ هەزار و ٧١٧ هاوڵاتیی لە غەززە كوژراون، ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٧٢ هەزار و ١٥٦ كەس، بەهۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٣٤٨ كەس لە غەززە كوژراون و ٢٦٩ـی دیكەش بریندار بوون.

 

ئاماژەیان بەوەکردووە، ١٥٢ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، بەبێ چارەسەر ماونەتەوە، نزیكەی ٣٥٠ هەزار هاوڵاتیی نەخۆش لە غەززە بەبێ چارەسەرن.

 

وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٠ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش برینداربوون.