سلێمانی، دژی داگیرکاری چالاکی دەکرێت و ژنان بانگەوازی بەشداریکردن دەکەن

دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوکاریکردنی پەدەکە، لە شاری سلێمانی ڕێپێوان دەکرێت و ژنان بانگەوازی بەشداریکردن لە چالاکی و ناڕەزایەتییەکاندا دەکەن.

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- داگیرکردنی باشوری کوردستان خەونی دێرینی دەوڵەتی تورکیایە تا نەخشەی میساقی میللی عوسمانییەکان بنیاد بنێتەوە، لە ساڵی ١٩٨٣ەوە دەوڵەتی تورکیا هێرش و ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکانی بۆ سەر باشوری کوردستان ناوبەناو دەستپێدەکاتەوە، بەڵام هەموو جارێک بەو بەرخۆدانییەی لە چیاکانەوە دەکرێت و بەو ناڕەزایەتی و بەگژداچوونەوەیەی لەلایەن هاوڵاتیانەوە نیشان دەدرێت، جگە لە شكستی یەک لەدوایەک، هیچی بۆ دەوڵەتی تورکیا نەهێشتووەتەوە.

 

ئەگەرچی هێرشی داگیرکاری ئەمجارەی دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری و بەشداری ڕاستەوخۆی پەدەکە بەڕێوەدەچێت، بەڵام لە یەکەم هەنگاو و دوو ڕۆژی سەرەتادا زیاتر لە ٤٠ سەربازی دەوڵەتی تورکیا سزا دراون و نەتوانراوە سوپای تورکیا تەرمەکانیشیان بەدەستبخاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پلانەی بۆ دەستگرتن بەسەر چیای کوڕەژارۆدا داڕێژرابوو، نەتوانرا سەرکەوتوو بێت و بەردەوام لە هێرشەکاندا سوپای تورکیا ڕووبەڕووی گورزی کوشندە دەبێتەوە.

 

لە شاری سلێمانی ڕێپێوان دەکرێت

گەلی باشوری کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا سەلماندوویانە دژی هەر داگیرکاری و هێرشێکن بۆسەر خاکەکەیان بکرێت، ئەمجارەش دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان دەبەنەوە شەقامەکان و ئەمشەو، ٢٠ی نیسان، کاتژمێر ٨:٠٠ی شەو، لە شەقامی سالم-سەهۆڵەکەی شاری سلێمانی گردبوونەوەیەک ڕێکدەخرێت و ڕێپێوان ئەنجام دەدرێت.

 

گردبوونەوەکە بە دروشمی "لە بەرامبەر هێڵی خیانەت و داگیرکاری، با کوردستان بپارێزین" لە شەقامی سالم دەستپێدەکات و دواتر بە ڕێپێوان بەرەو باخی گشتی بەردەوام دەبێت.

 

شیرین بەکر، هاوڵاتییەکی شاری سلێمانییە و باس لەوەدەکات پێویستە هەمووان لەم دۆخەدا دەنگمان هەبێت، چونکە مەترسییەکە بۆ سەر گەل و خاکەکەمان، "هیوادارم تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان و عێراق بێنە سەر خەت و ئەم ستەمکارییە قبوڵ نەکەن، چونکە ئەم داگیرکارییە تەنها لەکەدارکردنی تاکی کورد و عێراق نییە بەڵکو هێرشێکە بۆسەر حزبەکانیش و نابێت بێدەنگ ببین".

 

ئەو هاوڵاتییە دەشڵێت، ژن، منداڵ، پیاو و هەموو تاکێکی کۆمەڵگە دەبێت دەنگی هەبێت، چونکە هێرشەکان پەل بۆ زیاتر دەکێشێت، "بێدەنگ بوون لەم دۆخەدا پەشیمانی لەدوا دێت"، بانگەوازی لە ژنان، گەنجان و توێژە جیاوازەکانیش دەکات کە بەشداری چالاکییە ناڕەزایەتییەکان ببن و بێنە سەر شەقامەکان، "وەرنە سەر شەقام و خۆپیشاندان بکەن، بەشداربن لە چالاکیەکاندا، هەڵوێست وەرگرتن لە ئێستادا پێویستییە".

 

لە کۆتایشدا دەڵێت: دەبێت ناڕەزایەتییەکان بچێتە ماڵەکان و هەمووان هۆشیار ببنەوە، چونکە تا ئێرە بەسە.