ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە بۆ ٣١ هەزار بەرزبۆوە
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی گیان لەدەستدان گەیشتووەتە ٣١ هەزار و ٣٤١ کەس و ژمارەی بریندارانیش ٧٣ هەزار و ١٣٤ کەسن.

ناوەندی هەواڵ
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە ماوەی ١٦٠ ڕۆژە بەبێ وەستان بەردەوامە و وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئەمڕۆ، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دوایین ئاماری کوژراوان و بریندارەکانی خستەڕوو.
بەیاننامەی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی ئیسرائیل لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٦٩ فەڵەستینی دیکەیان لە غەززە کوشت و ژمارەی کوژراوانی ئەو کەرتەش گەیشتووەتە ٣١ هەزار و ٣٤١ کەس.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە لە هێرشەکانی ئەم دواییانەدا، هێزەکانی ئیسرائیل ١١٠ هاوڵاتی فەڵەستینی دیکەیان بریندار کردووە، بەمەش کۆی ژمارەی بریندارانی کەرتی غەززە گەیشتووەتە ٧٣ هەزار و ١٣٤ کەس.