ڕاپۆرتێک: لە مانگێکدا ٧٧٥ کەس بەهۆی کۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤، ٤٠ هەزار و ٩٠٠ حاڵەتی کۆلێرا لە ١٧ وڵات لە چوار ناوچەی ئەفریقا، ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەمریکا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا تۆمارکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە سەرانسەری جیهاندا، بەڵام ڕووبەڕووی کەمییەکی گەورە دەبێتەوە لە دابینکردنی ڤاکسینی دەمی کۆلێرا.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی ١٢ی شوبات، لە دوایین ڕاپۆرتیدا سەبارەت بە ڕێژەی کۆلێرا لە سەرانسەری جیهاندا ئاماژەی بەوەکرد، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا، ٤٠ هەزارو ٩٠٠حاڵەتی کۆلێرا و ٧٧٥ حاڵەتی گیان لەدەستدان تەنها لە مانگی کانوونی دووەمدا لە ١٧ وڵاتی چوار ناوچە "ئەفریقا، ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، هەرێمی ئەمریکا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا) تۆمارکراوە.

 

زامبیا و زیمبابۆی بەرزترین ڕێژەی تووشبوونیان هەبوو، ئەمەش جەخت دەکاتەوە لەسەر بەرەنگارییە بەردەوامەکانی کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و گرنگی هەوڵە بەردەوامەکان لە بواری تەندروستی گشتیدا.

 

 لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ دا حاڵەتەکانی کۆلێرا لە ٣٠ وڵات لە پێنج ناوچەی جیهانی ڕاگەیەندرا، لەوانە ٩ وڵات کە زیاتر لە ١٠ هەزار حاڵەتی تووشبوونیان تۆمارکردووە.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، کاردانەوەی جیهانی کۆلێرا بەردەوامە لە کاریگەری کەمی ڤاکسینی دەمی کۆلێرا، لە نێوان کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ و هەمان مانگدا لە ساڵی ٢٠٢٤ داواکارییە بەپەلەکان بۆ ڤاکسینی دەم زیادی کردووە.

 

ڕێکخراوەکە ئاشکرایکرد، ١٤ وڵات داوای ٧٦ ملیۆن ژەمی ڤاکسینەکەیان کردووە، لە کاتێکدا لەو ماوەیەدا تەنها ٣٨ ملیۆن ژەم ڤاکسین بەردەست بوون و کۆگای جیهانی ڤاکسینەکان چاوەڕێی پڕکردنەوە دەکەن و هەموو بەرهەمهێنانەکە تا ٨ی ئادار تەرخان دەکرێت بۆ ئەو داواکارییانەی پەسەندکراون.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەرهەڵدانەوەی نەخۆشی کۆلێرای بە پلەی سێیەمی باری نائاسایی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ پۆلێن کرد، کە بەرزترین ئاستی ناوخۆیی باری نائاساییە لەسەر بنەمای ژمارە و بڵاوبوونەوەی جوگرافی بڵاوبوونەوەکان، لەگەڵ کەمی ڤاکسین و سەرچاوەکانی تر.