خوشکی چەتەیەکی داعش: پێویستە خێزانەکانی داعش بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان

خەدیجە سلێمان، خوشکی ئەندامێکی چەتەکانی داعش دەڵێت: پێویستە دەوڵەت بەرپرسیارێتی هاوڵاتیانی خۆی لە کەمپی هۆل و ڕۆژ لە ئەستۆ بگرێت و هەموویان دادگایی بکات، چونکە ئەوان بە شێوەیەکی نایاسایی پەڕینەوە بۆ سووریا.

عەبیر محەمەد

 

دێرک- لە کاتی شکستی داعش لە مانگی ئازاری ٢٠١٩ لە باغۆزی سووریا لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدەوە، خێزانەکانی داعش خۆیان ڕادەست کرد، لەو کاتەوە بە هەزاران ژن و منداڵی بنەماڵەکانی داعش لە ٦٠ وڵاتی جیاوازەوە کە زۆربەیان سووری و عێراقی بوون، لە کەمپی هۆل لە حەسەکە و ڕۆژ لە دێرکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشتەجێ کراون، لە هەردوو کامپەکەدا نزیکەی ٥٢ هەزار و ٥٠٠ کەس هەن، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، سەرەڕای بانگەوازەکانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی دەوڵەتەکان و گەڕانەوەیان هاوڵاتییەکانیان، بەڵام کەمترن وڵات هاوڵاتییەکانیان، کە چەتەی داعش و خێزانەکانیانن، گەڕاندووەتەوە.

 

خەدیجە سلێمان، ٥٥ ساڵە و خەڵکی ئەفریقای باشوورە، خوشکی ئەندامێکی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشە کە دواتر لە ئۆپەراسیۆنێکدا دژی داعش لە سووریا کوژرا، خەدیجە باسی لەوەکرد، کە لە ساڵی ٢٠١٥ سنووری تورکیای بەزاندووە بۆ ناو سووریا، بۆ ئەوەی برا داعشەکەی ڕازی بکات بگەڕێتەوە باشووری ئەفریقا.

 

"ئەوان توندڕەون، ئایین و بیروباوەڕێکی جیاواز لە خۆیان قبوڵ ناکەن"

خەدیجە سولەیمان باسی ئەزمونی خۆی لەگەڵ داعش دەکات و وتی: بینیم کە ئەوان لە هەموو شتێکدا توندوتیژن، من لە باشووری ئەفریقا لەدایک بووم، ئێمە ڕێز لە هەموو ئایین و بیروباوەڕەکان دەگرین و قبوڵیان دەکەین، بەڵام کە پەیوەندیم بە داعشەوە کرد، بینیم کە ئەوان توندڕەون و هیچ کەسێک قبوڵ ناکەن کە جیاواز بێت لە خۆیان، لەبەردەم ژنانی ئەوێدا من کافرم و شایەنی ئەوە نیم منداڵەکانی براکەم ببینم.

 

"منداڵان بە بیرۆکەی توندڕەو پەروەردە دەکەن"

خەدیجە سلێمان پێی وایە پێویستە منداڵانی داعش بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان بۆ ئەوەی ژیانێکی ئاسایی دوور لە بیرۆکەی توندوتیژی و ڕادیکاڵ بژین، چونکە ئەم منداڵانە پڕۆژەی خەلافەتی داهاتوون و بیرۆکەی ناردنیان ڕەتدەکەنەوە، سەبارەت بە منداڵان، کە هێشتا جیاوازیی نێوان ڕاستی و درۆ نازانن، وتی: دەبێت وڵاتان بە خێرایی بیانگرن و سەرلەنوێ پەروەردەیان بکەنەوە و بیانخەنە قۆناغەکانی خوێندن و گەشەکردنی ئاساییەوە، منداڵان هێشتا لە ژینگەیەکی ناسروشتیدا گەورە دەبن و ئەگەر لە کامپەکاندا بمێننەوە، دەبنە مرۆڤی ڕادیکاڵ و توندڕەو، بە تایبەتی لە کەمپی هۆل گەورەترین بەش لە منداڵەکان توندوتیژن و هەموو جۆرە کارێکی خراپ دەکەن.

 

"بە نایاسایی چووینە ناو سووریا"

خەدیجە سلێمان ڕایگەیاند، "ئەو کەسانەی تاوان دژی هاوڵاتیانی سووریا ئەنجام دەدەن، پێویستە دادگایی بکرێن و ژن و منداڵانی داعش لە وڵاتەکانی خۆیان سزا بدرێن، چونکە بە نایاسایی چوونەتە ناو خاکی سووریا"، لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: باشترین چارەسەر ئەوەیە هەموو ئەو خێزانە داعشانە بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان و لەوێ دادگایی دەکرێن، چونکە ئەوان لە وڵاتەکەیانەوە هاتوونەتە ئێرە، پێویستە بگەڕێنەوە و بەپێی یاساکانی وڵاتەکەیان دادگایی بکرێن، چونکە بوونیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جگە لە مەترسی بارگرانییەکی گەورەیە و ئێمە بە نایاسایی چووینە ناو سووریا و ئەمەش بە تاوان دادەنرێت.