ستاربەکس و ماکدۆناڵد ڕوسیایان بەجێهێشت

پاش هەڵگیرساندنی جەنگ لە ئۆکراینا لەلایەن ڕوسیاوە بەشێک لە براندە جیهانییەکان بڕیاری جێهێشتنی وڵاتەکایان داوە و ستاربەکس و ماکدۆناڵدیش بڕیاری فرۆشتنی لقەکانی خۆیاندا و لە ڕوسیا کشانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی ئایار ستاربەکس ڕایگەیاند بەهۆی دەستپێکی شەڕی ڕوسیا لەگەڵ ئۆکراینا، پاش ١٥ساڵ مانەوەی لە ڕوسیا دەکشێتەوە کە زیاتر لە ١٣٠ لقی لەو وڵاتەدا هەیە و بازاری ڕوسیا بە کەمتر لە ١٪ ی داهاتی ساڵانەی کۆمپانیاکە دەژمێردرێت، هاوکات ڕاشیگەیاند کە نزیکەی ٢٠٠٠ کارمەندەکەی کە لە ڕوسیادا کاردەکەن، بۆ ماوەی ٦ مانگ پێدانی پارەی مانگانەیان بەردەوام دەبێت و یارمەتیان دەدات بۆ دۆزینەوەی کاری نوێ.

 

ئەم هەنگاوەی ستارباکس دوای ئەوە دێت کە کۆمپانیای ماکدۆناڵد هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە مۆڵەتی بازرگانی خۆی لە ڕوسیا و هەموو لقەکانی خۆی دەفرۆشێت لە بازاڕدا بە ئەلێکساندەر گۆڤەر، سەرمایەداری ڕوسیا، لەکاتێکدا ماکدۆناڵد لە زیاتر لە ١٠٠ وڵات کاردەکات و نزیکەی ٨٥٠ چێشتخانەی هەیە و هەلی کاری بۆ ٦٢ هەزار کەس ڕەخساندووە، لە ساڵی ١٩٩٠ لە ڕوسیادا مۆڵەتی کارکردنی بەدەستهێناوە و لقەکانی کردووەتەوە.

 

وەک بەشێک لە ڕێکەوتنەکە ئەلێکساندەر گۆڤەر هەموو شوێنە ڕوسیەکانی ماکدۆناڵد بەدەستدەهێنێت و لەژێر براندێکی نوێ کاری تێدا دەکات، هەروەها ڕازیبووە بە پاراستنی کارمەندان بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ و بە مەرجی یەکسان و دەرماڵەی مووچەی کارمەندانی کۆمپانیا کە لە ٤٥ ناوچەی جیاوازی وڵاتەکەدا کاری تێدا دەکەن، تا ئەو کاتەی مامەڵەکە دادەخرێت.