ڕێزان شێخ دلێر: ئێمەی پارێزەران مافی شەهید غەزال مەولان وەردەگرینەوە
ڕێزان شێخ دلێر، پارێزەر دەڵێت: بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسی شەهیدبوونی غەزال مەولان، لیژنەیەکی یاسایی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری شەهید بوونی دەکەینەوەو مافی وەردەگرینەوە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ یەکێک لەو سێ بریندارەی ڕۆژی ١٤ی نیسان، لە ڕیگەی هێرشە درۆنییەکانی ئێران بریندار بوو، لە هەمان ڕۆژ بەهۆی سەختی برینەکەی و ئاستەنگی دروستکردن لە چەند نەخۆشخانەیەکی ئەهلی شاری سلێمانی شەهید بوو، غەزال مەولان، تەمەن ٢٠ ساڵ، پاش گواستنەوەی بۆ یەکەمین نەخۆشخانە کە حکومی دەبێت، تەنها چارەسەری سەرەتایی بۆ ئەنجامدەدرێت، پاشان لە ڕێگەی پەیوەندیکردن و سەردانی کردنی چەندین نەخۆشخانەی ئەهلی بە پاساوی نەبوونی مۆڵەتی ئەمنی و چەندین پاساوی دیکە چارەسەر بۆ شەهید غەزال ئەنجامنادرێت، لەپاش هەوڵ و ماندوبوونی هاوڕێکانی نەخۆشخانەیەکی ئەهلی بۆ ئەنجامدانی چارەسەر وەری دەگرێت، بەڵام چەند دەقەیەک لە گەیاندنی بە نەخۆشخانەکە شەهید دەبێت، پاشان بنەماڵەو هاوڕێیانی شەهید هۆکاری شەهیدبوونی بۆ کەمتەرخەمی و وەرنەگرتنی نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەگێڕنەوە، ئەو بارودۆخە کاردانەوەی گەورەی لە ناو کۆمەڵگەدا لێکەوتەوە، بۆیە لە ١٦ی نیساندا لە لایەن سەنتەری میترۆ و پارێزەران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ئەو نەخۆشخانە ئەهلیانەی شەهید غەزال مەولانیان چارەسەر نەکرد، ڕووبەڕووی یاساو ڕاگەیاندکاران کرانەوە، بۆ بەدواداچوونی کەیسەکە داوای پێکهینانی لیژنەیەکی یاسایی دەکرێت، پاشان لە لایەن هاوڕێ و هاوخەباتەکانییەوە لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەدی هیندی بەخاک دەستپێردرێت.
" ئێمەی پارێزەران مافی شەهید غەزال مەولان وەردەگرینەوە"
ڕێزان شێخ دلێر، پارێزەر ئاماژەی بەوەکرد، ئەو بارودۆخە سەربازی و جەنگییەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکان بۆسەر کامپی کۆمەڵە، غەزال مەولان شەهید دەبێت، غەزال تاوانێکی گەورەی مرۆڤایەتی لە کاتی برینداریدا بەرامبەر ئەنجامدرا، هەروەها سەرجەم ئەو جێگایانەی پەنابەری سیاسی لێیە یاخود هەر پەنابەرێکی دیکە هەبێت، پێویستە پێداویستی و کەسانی پسپۆڕی پزیشکی تێدا هەبێت، بەڵام کەمتەرخەمی لایەنە پەیوەندیدارەکان لێرەدا بەدی دەکرێت، پاشان گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی بەڵام بەهۆکاری سیاسی وەرناگیرێن، لێرەدا ناتوانین تەنها یەک نەخۆشخانە تاوانبار بکەین، وەک تۆڕی پارێزەران لە ڕێگەی دروستکردنی لیژنەیەک لە لێکۆڵەران کە پێکهاتبێت لە پزیشک و پارێزەر و دادوەران و چەنین لایەنی یاسایی تا بتواندرێت بە دواداچوون بۆ کەیسەکە بکەین، تا بزاندرێت کام لە نەخۆشخانەکان کەمتەرخەمیان لە چارەسەرکردنی غەزال مەولاندا کردووە، ئەگەر کەمتەرخەمی لە نەخۆشخانەکاندا هەبێت، پێویستە ڕووبەڕووی یاسا بکرێتەوە، ئەو کەمتەرخەمیانەی لە ڕێگەی خێزانی شەهید و ڕاگەیاندنەکانەوە باس دەکرێت، ئەگەر نەخۆشخانەکان کەمتەرخەمیان هەبووبێت، بێگومان ڕۆڵیان لە شەهید بوونی غەزال مەولاندا هەبووە، هۆکارێک بوون بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە.
"وەک پارێزەرێکی ژن تا دوا لیکۆڵینەوەو مافوەرگرتنی دەچم"
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: لە ئێستاوە لەگەڵ داواکاری گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکەم تا بتوانین لیژنەکە بەزووترین کات پێکبهێنین، بە هۆکاری ئەوەی لە یاسادا هەر نەخۆشێک سەردانی نەخۆشخانەکان بکات دەبێت چارەسەری بۆ ئەنجامبدرێت، هەتا ئەگەر تاوانباریش بێت و سزای لەسێدارەدان و تیرۆرستیسی لەسەر بێت، بە گوێرەی ڕێککەوتننامە جیهانییەکان، جاڕنامەی مافی گەردوونی، مافی چارەسەرکردنی لە ناو نەخۆشخانەکاندا هەیە، بەڵام تا لیژنەکە پیکنەهێندرێت ناتواندرێت بڕیار لەسەر تاوانبارکردنی نەخۆشخانەکان بدرێت، هەروەها وەک پارێزەرێکی ژن لە کەیسی شەهیدبوونی غەزال مەولان، تا دوا لیکۆڵینەوە مافوەرگرتنی دەچم، باشووری کوردستان ماڵی هەر کوردێکە لە هەر پارچەیەک بێت، نابێت لە شاری خۆیاندا ڕێزو شکۆیان نەپارێزرێت، ئێمە ناهێڵین لە هەڵەیەکی نابەرپرسانەی نەخۆشخانەیەکەوە شارەکەمان ناشرین بکرێت، مافی غەزال مەولان بەدەستدەهێنینەوە.