ئەزموونی ٣٠ ساڵ حکومرانی هەرێمی کوردستان چییە؟

لە دیدارێکدا باس لە ئەزموونی ٣٠ ساڵەی حکومڕانی هەرێمی کوردستان کرا، بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە چاودێران و ئەندامانی سیاسی و پەرلەمانتارەکان ئەنجامدرا، چەند چارەسەرێکیش بۆ دۆخی ئێستای هەرێم خرایە ڕوو.

 ناوەندی هەواڵ
 
ئەمڕۆ لە هۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی دیدارێک بەناونیشانی "لە ٣٠ ساڵدا چی کرا؟" ئەنجامدرا، کە باس لە ئەزموونی ٣٠ ساڵ حکومڕانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا، کە تا ئێستا چی کراوە و دەبێت چی بکرێت.
 
 
لە دیدارەکەدا باس لە کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا لە بوارەکانی، خزمەتگوزاری، دادوەری و یاسا، سیاسەت و ئابوری، لە پانێڵی کۆتایشدا باس لە چارەسەر بۆ دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان کرا.
 
لە پانێڵەکەدا زیاتر لە نیوەی بەشداربووان پیاو بوون، زۆرینەی بەشداربووانیش چاودێری سیاسی، ئەندام پەرلەمانانی هەرێمی کوردستان، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامانی حزبەکان بەشداربوون، بە وردی باس لە کۆی گشتی ئەو ٣٠ ساڵە کرا.
 
لە پانێڵەکاندا ڕەخنە لەسەر شێوازی حکومڕانی هەرێمی کوردستان گیرا، بە بنەماڵەکردنی پۆستەکان، گەندەڵی و گیرفان پڕکردنی بەشێک لە بەرپرسەکان، فرۆشتنی نەوت و نەبوونی سەرچاوەی دیکەی داهات، سەروەر نەبوونی یاسا و لایەنگیری دادوەرەکان.
 
لە کۆتایی پانێڵەکەدا ڕێگا چارەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان خرایە ڕوو، کە باشترین چارەسەر دانیشتنی سەرجەم لایەنە جیاوازەکانە لەسەر مێزی گفتوگۆ، گەڕانەوەی دەسەڵات و پێگەی پەرلەمانە، کەسانی ئەکادیمی ئەرکیانە دەنگ هەڵبڕن لە بەرامبەر ئەو نادادییەی کە هەیە، بوێری دادوەر و دەسەڵاتی دادوەری بەرامبەر ستەم و نادادپەروەرییەکان هەڵوێست وەرگرتن و هەبوونی پەیام لە بەرامبەر ئەو نادادییەی کە هەیە.
 
 
ت.پ