دەسەڵاتدارانی سودان ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی هاوکارییەکان دەکەن بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان

لەگەل ئەوەی شەڕ لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە و هاوڵاتیان برسین بەڵام دەسەڵاتداران ڕێدەگرن لە هاتنەناوەوەی هاوکاری.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوچەی بەرفراوانی دارفور کە هاوسنوورە لەگەڵ چاد، یەکێکە لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی سودان، لەکاتی دەستپێکی شەڕەوە لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان کوژراون و هەندێکیان لە برسا گیانیان لەدەستداوە هێشتا شەڕ بەردەوامە.

 

بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، زیاتر لە ٦٩٤ هەزار کەس لەودیوی سنوورەوە بەرەو چاد هەڵاتوون، بەڵام هێشتا زۆرێکیان لە دارفور گیریان خواردووە و پێویستیان بە هاوکاری هەیە.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان ناچار بوو ئۆپەراسیۆنەکانی لە چادەوە تا دارفور لەودیوی سنوورەوە سنووردار بکات، بەڵام بەڕێوەبەری پرۆگرامی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سودان هەفتەی ڕابردوو بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند دەسەڵات ئەم ئۆپراسیۆنەی سنووردار کردووە.

 

وەزارەتی دەرەوەی سودان، ئەوەی بە "تۆمەتی درۆ" باس کرد کە ئاراستەیان کرابوو، ڕەتیکردەوە، وەزارەتەکەش ڕایگەیاند کە سنووری سودان و چاد، خاڵێکی سەرەکیی دەروازەی چەک و کەرەستییە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ماتیۆ میلەر نیگەرانی خۆی سەبارەت بە، تاڵانکردنی ماڵ، بازاڕ و کۆگاکانی یارمەتی مرۆیی لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێراوە دەربڕی.

 

واشنتۆن هەردوو لایەنی ململانێی سودان بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبار کردوو، هەروەها ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا، پاتاوی نەتەوەیی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن.