یەژەکە-ئەڵمانیا پەیوەست بە دەسترێژییەکەی نۆیکویلن؛ دادپەروەری ناشاردرێتەوە
یەکێتیی ژنانی کورد لە ئەڵمانیا "یەژەکە-ئەڵمانیا" بە ڕاگەیاندراوێک پەردەپۆشکردنی ڕووداوە دەستدرێژییە زایەندییەکەی ناوچەی نۆیکویلنی ناوەندی بەرلینی ئەڵمانیای شەرمەزار کرد و داوای لێپێچینەوەیەکی ڕوونی کرد.
ناوەندی هەواڵ
داواکاری گشتیی بەرلین لێکۆڵینەوەی دەربارەی دەستدرێژییە زایەندییەکەی مانگی کانوونی دووەمی ناوچەی نۆیکۆیلنی ناوەندی بەرلینی ئەڵمانیا لێکۆڵینەوەی دەست پێکرد. دەگوترێت دەستدرێژییەکە لە لایەن هەشت مێرد منداڵی تەمەن ١٥ بۆ ١٩ ساڵ بەرانبەر کچە کوردێکی تەمەن ١٦ ساڵ ئەنجام دراوە، بەڵام تا ئێستا توێژەرانی کۆمەڵایەتی بۆ پاراستنی ناسنامەی ئەو گەنجانە، زانیارییان نەداوەتە پۆلیس.
یەکێتیی ژنانی کورد لە ئەڵمانیا "یەژەکە-ئەڵمانیا" پەیوەست بە ڕووداوەکە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕەخنەی لە هەڵوێستی دامودەزگاکان گرت بەرامبەر بەو ڕووداوە جددییە ئابڕووبەرە.
یەژەکە-ئە ناڕەزایی خۆی بەرانبەر بە بانگەشە و تۆمەتەکانی دەستدرێژی سێکسی "زایەندی" و ڕفاندنی کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ لە بەرلین دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە ئابڕووچونەکە تەنها ڕووداوێکی ئاوا قێزەون نیە، بەڵکو ئەو تۆمەتانەشن کە هەندێک لە دامەزراوەکان دۆخەکەیان شاردووەتەوە یان دەسەڵاتیان ئاگادار نەکردووەتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بێدەنگی لە بەرامبەر توندوتیژی دژی منداڵان، هاوبەشیکردنە لە تاوان و هیچ دامەزراوەیەک مافی ئەوەی نییە بە هۆکاری سیاسی تاوانەکان پەردەپۆش بکات.
یەژەکە- ئەڵمانیا داوای لێکۆڵینەوەیەکی دادپەروەرانەی دەربارەی ڕووداوەکە کرد و گوتی: "هیچ هەستیارییەکی ئایدیۆلۆژی، هاوسەنگی سیاسی، خەمی کۆمەڵایەتی ناتوانێ لە ڕێگای دادپەروەری لە بەرامبەر توندوتیژی زایەندی بەرامبەر منداڵێک بوەستێت. تاوانبار هەرکەسێک بێت، هەر پاشخانێک بێت یان باوەڕەکەی هەرچییەک بێت، تاوانبارە و ناتوانرێت بێ سزا بمێنێتەوە، ئەمە تەنها دۆسیەیەکی تاوانکاری نییە، بەڵکو بابەتی بەرپرسیارێتی دامەزراوەیی و لێپرسینەوەشە."
یەژەکە-ئەڵمانیا ئەم بانگەوازییەی کرد: لەسەر ئەم بنەمایە بانگەوازی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، هەموو ناوەند و کۆمەڵەکانی ژنان دەکەین لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەم تۆمەتانە بکەن و کاری پێویست بکەن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی شەفافانە بەڕێوە بچێت.
یەکێتییەکە ڕایگەیاند ڕێگە نادەن ڕووداوەکە پەردەپۆش بکرێت و کار دەکەن بۆ لێپێچینەوە لە تاوانباران و بەرپرسان.