غەززە، کۆمەڵکوژی و برسێتی نوێ لە ئارادایە

بەهۆی بۆردومانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە، دەیان هاوڵاتی مەدەنی کوژران و برینداربوون، زۆرینەی زیانلێکەوتوانیش ژنان و منداڵانن.

ناوەندی هەواڵ-

 

هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ١٣٩هەمین ڕۆژ لەسەریەک بەردەوامن لە بۆردومانکردنی ناوچەکانی کەرتی غەززە، دوێنێ ٢١ی شوبات، شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیان لەوە کردەوە کە ئیسرائیل دەبێت دەستبەجێ ئاگربەست جێبەجێ بکات و ڕێوشوێنی مرۆیی بگرێتەبەر، هەروەها گرنگی بە پێداویستییەکانی ژنان بدات، چونکە دۆخی مرۆیی خراپتر بووە و زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە لێواری برسێتیدان.

 

ئاماژەیان بەوەداوە، پچڕاندنی خوێندن لە کەرتی غەززە پێویستی بە چارەسەرکردن هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ژنان بەردەوام توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت ئەوەش پێویستی بە هەڵویستە.

 

لەسەر ئاستی مەیدان

 

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆشدا هێزەکانی ئیسرائیل دەوروبەری ماڵەکانی دەوروبەری باشووری خان یونسیان کردە ئامانج، لە تەقینەوەیەکدا کە نوسیراتی کردە ئامانج، ٢٦ کەس کوژران و دەیان کەسیش برینداربوون کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و کەمپی زەوایدە لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە.

 

چەند ڕۆژێکە هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە بۆردومانکردن و بەئامانجگرتن و گەمارۆدانی برینداران و نەخۆشەکان، کە ژمارەیان زیاتر لە ١٢٠ کەسە، جگە لە ستافی پزیشکی لە کۆمەڵگەی پزیشکی 'ناسر'، هەروەها زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر سنووری ناوچەی شاری ڕەفعەت لە باشووری کەرتی غەززە و پەناگەی ئاوارەکانی شارەکەیان کردە ئامانج.

 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، ژمارەی کوژراوان لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس بۆ ٢٩ هەزار و ٣١٣ کەس بەرزبووەتەوە و زیاتر لە ٦٩ هەزار و ٣٣٣ کەسی دیکەش برینداربوون.

 

بارودۆخی مرۆیی

 

بەڕێوەبەری گشتی بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە فەڵەستین باسی لەوە کرد، نیو ملیۆن کەس لە غەززە لە لێواری برسێتیدان و کەرتی غەززە پێویستی بە ئاگربەست هەیە.

 

ناوبراو هۆشداری دا لە مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی بەدخۆراکی لە نێو ژنان و منداڵاندا، ئاماژەی بەوەکرد، خواردن و ئاوی خواردنەوە لە ڕادەبەدەر کەم بووەتەوە، هەروەها پەتا و نەخۆشییەکان لە کەرتی غەززە بڵاوبوونەتەوە، بەتایبەتی لەنێو ئاوارەکاندا.

 

لەگەڵ بەردەوامی بۆردوومانەکان بۆ ماوەی چەند مانگێک، زۆرێک لە خەڵکی کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە بەهۆی برسێتیەوە، لەنێویاندا منداڵ، و هەندێکی تریش لە تینوێتیدا گیانیان لەدەستداوە، جگە لە پەتاکان، نەخۆشی و سەرما کە خەریکە منداڵان و بەساڵاچووانی ناو خێمەکان لەناو دەبات.