ئیڤان فایەق: بەهۆی هاوکاری نەکردنی حکومەتی هەرێم داخستنی کامپەکان درێژ دەبێتەوە

ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم هاوکارییان ناکات لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، بڕیاریان داوە وادەی داخستنی کامپی ئاوارەکان درێژ بکەنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان و داخستنی کامپەکانیان، پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا تا رۆژی ٣٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ سەرجەم کامپەکان دابخرێن و ئاوارەکان بگەڕێندرێنەوە ناوچەکانی خۆیان، دواتریش و جارێکی دیکە ئەو وادەیە درێژ کرایەوە بۆ ٣٠ی تەمووز.

 

ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، وادەی دواخستنی سەرجەم کامپی ئاوارەکان لە ٣٠ی تەمووزەوە درێژ کراوەتەوە و تا ئێستا بە فەرمی وادەیەکیان بۆ داخستنی تەواوی کامپەکان دیاری نەکردووە.

 

ئاماژەی بەوەش کردووە، هۆکاری درێژکردنەوەی وادەی داخستنی کامپەکان هاوکاری نەکردنیانە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، ماوەی ٦ مانگە هەرێم هاوکاریان نەبووە لەوەی بچنە ناو کامپەکان بۆ تۆمارکردنی ناوی ئەو ئاوارانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

 

باسی لەوەش کردووە، جگە لەو ئاستەنگانەی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دروست کراون، چەند ئاستەنگێکی دیکەش هەن لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.