ئیلهام ئەحمەدو ڕۆهیلات عەفرین بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا دەبن

لەسەر بانگهێشتی ئەڤین ئینجیر،ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، ئیلهام ئەحمەدو ڕۆهیلات عەفرین بەشداری کۆبوونەوەی تایبەت بە ڕۆژئاواو سووریا لە برۆکسل دەبن.

ناوەندی هەواڵ

 

وابڕیارە لە ٢٥ی شوبات ڕۆژی چوارشەممە، کۆبوونەوەی تایبەت بە ڕۆژئاوا و سووریا لە ساڵۆنی سپنەلی 3H1ـی پەرلەمانی ئەوروپا لە نێوان کاتژمێر ١٦:٠٠ بۆ ١٧:٠٠ بەڕێوەبچێت.

 

هەروەها کۆبوونەوەیەک بە ناونیشان”Turkey and the Kurds in Dialogue: Peace, Reconciliation and Democracy” لە ٢٥ـی شوبات لە برۆکسل بە میوانداریی ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا ئەڤین ئینجیر ئەنجام دەدرێت، کۆبوونەوەکە لە پەرلەمانی ئەوروپا لە کاتژمێر ١٧:٠٠-١٩:٠٠ بەڕێوەدەچێت.

 

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕۆهیلات عەفرین، فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژن "یەپەژە" بەشداری کۆبوونەوەی تایبەت بە ڕۆژئاوا و سووریا لە برۆکسل دەکەن.

 

لە کۆبوونەوەکەدا، پێداچوونەوە بە پڕۆسەی دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی کاتیی سووریا و ڕێککەوتنی ٢٩ـی کانونی دووەم و بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بۆ پاراستنی پشتیوانی نێودەوڵەتی دەکرێت.

 

هەروەها بەرنامەی کۆبوونەوەی دیالۆگ و ئاشتی و ڕێککەوتن و دیموکراسیی لەنێوان تورکیا و کورددا، لەلایەن ڕۆژنامەنووس ئەمەرین زەمانەوە بەڕێوەدەبرێت، لە کۆبوونەوەکەدا کە وتەکان بۆ سەر زمانی ئینگلیزی، ئەڵمانی و ئیتاڵی وەدەگێڕدرێن، وتاردەرانی فراکسیۆنە سیاسییە جیاوازەکان، ئەکادیمیستەکان و سیاسەتمەداران بەشدار دەبن.

 

لەگەڵ ئەڤین ئینجیر، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتی ئەوروپا و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کورد’ "EUTCC"  دەرسیم داگدەڤیرەن و ئەندرێس شیدەر، پەرلەمانتاری دەم پارتی مەدحەت سەنجەر، لیۆلوکا ئۆرلاندۆ، پێر کلاوسن، تیس ڕوتەن و د. ئایهان ئیشک بەشداردەبن.

 

پارێزەری مافەکانی مرۆڤ شیرین عەبدی کە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە، نوێنەری نیازپاکی کۆنسەی ئەوروپا بلانکا جاگەر و براوەی خەڵاتی زاخارۆڤ لەیلا زانا، پاڵپشتی کۆبوونەوەکە دەکەن.

 

چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد لە تورکیا، بنیاتنانەوەی پرۆسی ئاشتی و ڕۆڵی ئەوروپا لەم پرۆسەیەدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.