ئیلهام ئەحمەد: دەستکەوتی گەورەتر بۆ گەلی کورد بەدی دەهێنین
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا، ڕایگەیاند کە دەبێت گەل بەرامبەر پلانگێڕییەکان هوشیار بێت، لە دەستووردا مافەکانی گەلی کورد زامن دەکرێن و دەستکەوتی گەورەتر بەدەست دەهێنرێن.
ناوەندی هەواڵ
یەکێتی ڕۆشنبیرانی کانتۆنی جزیرە لە کتێبخانەی شلێر لە شاری قامیشلۆ، سیمینارێکی تایبەتی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی سووریا و ڕێککەوتنی ۲۹ی کانوونی دووەمی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی سووریا ڕێکخست.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا لە سیمینارەکەدا قسەی کردو ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ دروستکردنی شەڕی ناوخۆیی و فیتنە لە نێوان پێکهاتەکاندا، وتیشی: دەیانەوێت گەلی کورد لەناوبەرن و بێ ماف و ناسنامە بیهێڵنەوە، بەڵام پڕۆژەی ئێمە بۆ ئازادیی هەموو گەلانە و ڕێگری لەو پیلانانە دەکەین.
جەختی کردەوە کە بڕیاری حکومەتی کاتی بۆ داننان بە مافەکانی کورد هەنگاوێکی ئەرێنییە و بۆ یەکەمجارە بڕیارێکی وا دەردەچێت، ئێمە لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە بەدواداچوون دەکەین بۆ ئەوەی ئەو بڕیارانە لەسەر زەوی جێبەجێ بکرێن.
هەروەها لەبارەی وردەکارییە سەربازی و کارگێڕییەکانەوە، ئاشکرای کرد کە فیرقە و لیوای نوێ لە حەسەکە و کۆبانێ دروست دەکرێن و ژنان ڕۆڵی تێدا دەبینن، ئاماژەی بەوەش کرد کە پارێزگاری حەسەکە دیاری کراوە و گفتوگۆ لەسەر دەروازە سنوورییەکان و زمان بەردەوامە و لیژنەیەکیش بۆ نووسینەوەی دەستوور پێکدەهێنرێت.
ئیلهام ئەحمەد جەختی لە یەکێتی مێژوویی کورد کردەوە و ڕایگەیاند کە پێنووس لە فیشەک بەهێزترە، هەموو هەوڵێکیان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین و سەرێکانی و دابینکردنی ئارامی و ئازادییە بۆ تەواوی خەڵکی ناوچەکە.