ئیکوادۆر شۆڕش دەکات و کۆنگرەی ستار داوا لە جیهان دەکات هاودەنگی نیشان بدەن

کۆنگرەی ستار لە ڕاگەیاندراوێکیدا، هاوسۆزی خۆی لەگەڵ خەباتی ژنان و گەلی ئەبیا یالا بە تایبەتی لە ئیکوادۆر لە دژی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و نیولیبراڵانە دەربڕی کە هەڕەشە لە مافەکانی مرۆڤ و ژینگە دەکەن، داوای پشتیوانی لە مانگرتنی نیشتمانی و بەرخۆدان دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوچەکانی ئەبیا یالا بە تایبەتی لە ئیکوادۆر شاهیدی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی بە پێشەنگایەتی گەلانی ڕەسەن دژی سیاسەتە نیولیبراڵییەکانن کە بوونەتە هۆی هەژاری و پەراوێزخستن، ئەم تەڤگەریانە ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی بەربڵاوی حکومەت دەبنەوە، لە نێوان داواکارییەکانی دادپەروەری، پەروەردە، تەندروستی، و مافی زەوی و ئاو.

 

ڕۆژی ٢١ی تشرینى یەکەم، کۆنگرەی ستار لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پشتیوانی خۆی بۆ خەباتی ژنانی ئەبیا یالا ڕاگەیاند، لە ڕاگەیاندراوەکەدا، کە لەلایەن ڕۆهلات موسلم، پێشەنگی لیژنەی پەروەردەی کۆنگرەکەوە پێشکەشکرا، وڵاتەکە شایەتی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتیە بەرفراوانەکانە بە پێشەنگایەتی گەلانی ڕەسەن، بە پێشەنگایەتی کۆنفیدراسیۆنی گەلانی ڕەسەنی ئیکوادۆر "CONAIE"

 

لە ڕاگەیاندراوی کۆنگرەی ستاردا هاتووە، لە دڵی خەباتی ژنانەوە کە هیچ سنوورێک ناناسێت، هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ ژنان و هاولاتیانی ئەبیا یالا لە خەباتیان بۆ ژیان و شکۆمەندی دەردەبڕین، ئێمە لە کۆنگرەی ستار، دەنگی خۆمان بەرز دەکەینەوە بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی نیشتمانی دادپەروەرانە لە ئیکوادۆر، وەک وەڵامێک بۆ بانگەوازی خوشکەکان و گەلانی ڕەسەنی خاکەکانی ئەبیا یالا، و لە ڕەتکردنەوەی نیۆلیباڵی سەرکوتکەر، هەروەها سیاسەتەکان کە نادادپەروەری و توندوتیژی و هەژاری بەرهەم دەهێنن.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە، لە پێگەی بەرخۆدانی ژنان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوانە دەکەین کە لە ئیمبابورا و کیتۆ و شارەکانی دیکەی ئیکوادۆر ڕوودەدەن، کە دەوڵەت بە میلیتاریزەکردن و سەرکوتی سیستماتیکی دژ بە خۆپیشاندەران، بە تایبەت گەل و ژنانی ڕەسەن کە لە بەرەکانی پێشەوەن و بەرگری لە ژیان و خاک و دادپەروەری و شکۆمەندی دەکەن و بە بوێری و ئیرادە ڕووبەڕووی ستەم دەبنەوە.

 

کۆنگرەی ستار ئاماژەی بەوەدا، کە سیاسەتەکانی حکومەتەکەی دانیال نۆبۆوا، لەوانەش ناردنی هەزاران سەرباز، گەمارۆدانی پایتەخت، کۆنترۆڵکردنی نەخۆشخانە و گەڕەکەکان، و ڕەتکردنەوەی چاودێری پزیشکی، هێرشکردنە سەر مافەکانی مرۆڤ و جۆرێک لە تیرۆری دەوڵەتی دژی ئەو کەسانە پێکدەهێنن کە داوای مافی ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە دەکەن.

 

ڕوونیشیکردەوە، کە بانگەوازی کۆنفیدراسیۆنی گەلانی ڕەسەنی ئیکوادۆر "CONAIE" بۆ مانگرتنی نیشتمانی تەنها ناڕەزایەتی نییە، بەڵکو پێویستییەکی مێژووییە لە بەرامبەر برسێتی و چەوساندنەوە و تاڵانی ژینگەیی، گەلانی پەراوێزخراو پرسێکی لاوەکی نین؛ ئەوان داوای ڕوون و ئاشکرا دەوروژێنن، وەک مافی زەوی، ئاو، تەندروستی، پەروەردە و سەروەری خۆراک.

 

کۆنگرەی ستار بە توندی شەرمەزاری دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و بەکارهێنانی گازی ژەهراوی دژی منداڵان و سەرکوتکردنی کۆمەڵگەکانی سەرهەڵدان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان کرد، وتی: ئێمە ئەم کارانە بە شەرمەزاری دەزانین، حکومەتی ئیکوادۆریش بە تەواوی بەرپرسیار دەکەین لەو پێشێلکاریانەی کە بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز ئەنجامی دەدات.

 

سڵاوی لە خەباتی ژنانی گەلانی کیچوا و کارانکی و هەموو ژنانی ڕەسەن کە لە پێشەنگی بەرخۆداندان و واتا ڕاستەقینەی هێز و شکۆمەندی بەرجەستە دەکەن، وتی: خۆڕاگری ئەوان ئیلهامبەخشە بۆ ئێمە و جیهان بیردەخاتەوە کە شۆڕش لە خاکەوە دەست پێدەکات، لە جەستە، لە دایک و لە ژنانەوە.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، کۆنگرەی ستار بەڵێنی خۆی نوێکردەوە کە لەگەڵ تێکۆشانی ژنانی ئەبیا یالا و گەلە خۆڕاگرەکەیدا بوەستێت، وتی: داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە ژنان و دیموکراتیک و ژینگەپارێزەکان و تەڤگەرە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرانسەری جیهان دەکەین کە دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە و هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بە هاودەنگی لەگەڵ ئیکوادۆر و لەگەڵ هەموو گەلانی خەبات بۆ دادپەروەری و ئازادی.