شاندێکی هەدەپە لە هەولێر سەردانی چەند لایەنێکی کرد

شاندێکی پەرلەمانتارانی دەم پارتی و ئەندامانی هەدەپە سەردانی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان و بۆردی ژنانی ئازادیان کرد و جەختیان لە پێکهێنانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ لە پاش هاتنی شاندێکی هەدەپە بۆ شاری هەولێر، سەردانی چەند لایەنێکی سیاسیی و یەکێتیی پەرلەمانتارانیان کرد، شاندەکە پێکهاتبوو لە هەریەک نەورۆز ئویسال پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە ئێستای دەم پارتی لە شرناخ، گورجان کاچماز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، حیکمەت هاتیپ، ستقی واکار، نوێنەرانی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان.

 

لە درێژەی سەردانییەکانیاندا شاندەکە سەردانی هەریەک لە بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان و بۆردی ژنانی ئازادی کرد، لە میانی سەردانەکاندا باس لە ڕۆژەڤەکانی باشووری کوردستان و کێشە و ئاڵۆزییەکانی بەردەمی و بارودۆخی باکووری کوردستان کرا.

 

جگە لەوەش دەربارەی گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گفتوگۆ کرا، ئاماژەیان بەوەکرد تێکشکاندنی گۆشەگیریی و پێکهێنانی ئازادیی جەستەیی، کاریگەری نەرێنی لەسەر کێشەکانی کوردستان و ناوچەکە دەبێت، هەروەها ئەو لایەنانەش بۆچوونەکانی شاندەکەیان بە ئەرێنی بینی و ئاماژەیان بەوەدا، تا ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێک نەیەت کێشەکان چارەسەر نابن.

 

بڕیار وایە سەردانەکانی شاندەکە بۆ لای لایەنە سیاسییەکان لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی درێژە بکێشێت.