ئەوروپا ڕووبەڕووی هەلومەرجی کارەساتی کەشوهەوا دەبێتەوە

ئاژانسی ژینگەی ئەوروپا هۆشداری دەدات لەوانەیە ئەوروپا ڕووبەڕووی دۆخێکی کارەساتبار ببێتەوە ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ مەترسییەکانی کەشوهەوا نەکات کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، زۆربەیان گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار کە کاریگەری لەسەر بارودۆخی ژیانی دانیشتووان هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ئاژانسی نێودەوڵەتی ژینگەی ئەوروپا ئەمڕۆ ١١ی ئادار بڵاویکردەوە، کیشوەری ئەوروپا لەوانەیە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی کارەساتبار ببێتەوە ئەگەر ڕووبەڕووی مەترسییەکانی کەشوهەوا نەبێتەوە.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، دیاردەکانی کەشوهەوای گەرمی توند و وشکەساڵی و ئاگری دارستانەکان و لافاو کە ئەوروپا لەم ساڵانەی دواییدا ئەزموونی کردووە لە داهاتوودا خراپتر دەبێت و کاریگەری لەسەر بارودۆخی ژیانی دانیشتووان دەبێت.

 

لێکۆڵینەوەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەریخستووە، ٣٦ مەترسی سەرەکی لەسەر کەشوهەوا هەیە کە هەڕەشە لە ئەوروپا دەکەن، لەوانە ٢١ کرداری دەستبەجێ و ٨ کردار کە پێویستیان بە وەڵامدانەوەی بەپەلە هەیە، یەکەمیان ئەو ڕێوشوێنانەیە کە پەیوەندییان بە سیستمی ژینگەییەوە هەیە بەتایبەتی دەریایی و کەناراوەکان، سەرەکیترین کاری ئەمڕۆ ئەوەیە حکومەتەکانی ئەوروپا و خەڵکەکەیان بە کۆی دەنگ دان بە مەترسییەکانی کەشوهەوادا بنێن و ڕێکبکەون لەسەر ئەوەی زیاتر و خێراتر ئەنجامی بدەن.

 

لینا یالا مۆنۆنێن، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم وتی: پێویستە زیاتر کار بکەین و سیاسەتی بەهێزتر هەڵبگرین بۆ چارەسەرکردنی ئەم مەترسییانە.

 

ڕاپۆرتەکە ئەوەیخستووەتەڕوو، کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە شێوەی گەرمی توند و ترشبوون و کەمبوونەوەی ئۆکسجین لە دەریاکان و هۆکارەکانی دیکەی وەک پیسبوون و ڕاوکردنی ماسی هەڕەشە لە کارکردنی سیستمی ژینگەیی دەریایی دەکەن، کە دەکرێت ببێتە هۆی لەدەستدانی بەرچاوی هەمەچەشنی بایۆلۆجی، لەوانە گیان لەدەستدانی بەکۆمەڵ.

 

بەگوێرەی ئاژانسەکە، ناوچە لاوازەکان ئەوانەی باشووری ئەوروپان کە لەوانەیە ئاگر و کەمی ئاو ببینن، کاریگەری دەبێت لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما کاریگەری دەبێت لەسەر کاری دەرەوە و تەندروستی گشتی، هەروەها ناوچە کەناراوییە نزمەکان کە لافاو و ئاوی سوێر دەبینن.