یونسکۆ: ٧٥٪ی رۆژنامەنووسانی ژن ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئۆنلاین دەبنەوە
یونسکۆ لە راپۆرتێکیدا ئاشکرایدەکات، نزیکەی ٧٥٪ی ئەو رۆژنامەنووسە ژنانەی بەشدارییان لە راپرسییەکی جیهانیی دا کردووە، رووبەڕووی توندوتیژیی و دەستدرێژیی ئۆنلاین بوونەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی راپۆرتێکی یونسکۆ کە بە هاوبەشی لەگەڵ سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ رۆژنامەنوسان "ICFJ" ئەنجامدراوە، ژمارەکان دۆخێکی نائاسایی دەردەخەن؛ بە نزیکەیی لە هەر چوار ڕۆژنامەنوسێکی ژن یەکێکیان هەڕەشەی زیانگەیاندنی جەستەیی یان کوشتنی لێکراوە، ٢٠٪ی ئەو رۆژنامەنوسە ژنانەی لە ئۆنلاین هێرشیان کراوەتە سەر، دواتر توشی هێرشی جەستەیی "ئۆفلاین" بوونەتەوە، هێرشەکان تەنها وشەیی نین، بەڵکو کاریگەریی قوڵیان لەسەر تەندروستی دەروونی و کاری پیشەیی رۆژنامەنووسەکان جێهێشتوە.
یونسکۆ ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو هێرشانە بە مەبەستی بێدەنگکردن، ناوزڕاندن و دواجار دورخستنەوەی ژنان لە کایەی گشتی ئەنجام دەدرێن، کە ئەمەش بنەمای ئازادیی رۆژنامەگەری دەشێوێنێت.
یەکێک لە دۆزینەوە سەرەکییەکانی راپۆرتەکە بریتییە لە رۆڵی خراپی تەکنەلۆژیای نوێ، بەتایبەت زیرەکی دەستکرد، راپۆرتەکە دەڵێت: زیرەکی دەستکرد ئاسانکاری کردوە بۆ دروستکردنی وێنە و ڤیدیۆی ساختەی زۆر راستەقینە (Deepfakes) بۆ ناوزڕاندنی سێکسی و لێکدانی متمانەی رۆژنامەنوسانی ژن.
هەر لە راپۆرتەکەدا هاتوەوە: ٤١٪ی رۆژنامەنووسان ئاماژە بەوە دەکەن کە کراونەتە ئامانجی هەڵمەتگەلێکی رێکخراو کە مەبەستیان بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و هێرشکردنە سەر متمانەی کارەکانیان بووە.
ژورەکانی هەواڵ و بێدەنگکردنی قوربانی
راپۆرتەکە رەخنە لە وەڵامدانەوەی دامەزراوەکانی میدیاکان دەگرێت و ئاماژەی بەوەکردووە ٢٥٪ی رۆژنامەنووسان سکاڵایان لای بەڕێوەبەرەکانیان تۆمار کردوە، بەڵام زۆرینەیان یان هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتوە، یان داوایان لێکراوە ‘خۆڕاگر بن’.