یونسێف: ساڵی ٢٠٢٥ بۆ منداڵان خراپترین ساڵ بوو

ڕێکخراوی سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان ''یونسێف''، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بارودۆخی منداڵان، لە ساڵی ٢٠٢٥دا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، منداڵانی ناوچەكانی شه‌ڕ وەک، ئۆکرانیا و سوودان ڕۆژانە ڕووبەڕووی مەترسی مردن دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

یونسێف ڕایگەیاند، برسێتی و شەڕ و نەخۆشیی و قەیرانەکان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا، ژیانی ملیۆنان منداڵیان خستووەتە مەترسییەوە، ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو منداڵانەی لە نێو بارودۆخی جەنگ و شەڕدابوون، بەدەست خەمۆکی و تێکچوونی خەو و دواکەوتنی گەشەکردنیانەوە دەناڵێنن.

 

کریستیان شنایدەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونسێف لە ئەڵمانیا ڕایگەیاند، منداڵانی ناوچە جەنگییەکان زۆر دوورن لەوەی بتوانن وەکوو منداڵێکی ئاسایی و شایستە بژین.

 

وتیشی: ترس شەو و ڕۆژی ژیانیانی داگیرکردووە، هەروەها خوێندنگە و گۆڕەپانەکانی یاری لە ئۆکرانیا بەخراپی تۆپباران دەکرێن.

 

نەتەوە یەکگرتوەکان بەرزترین ئاستی پێشێلکاری قورسی مافەکانی منداڵان و هێرشکردنە سەر کرێکارانی تۆمارکردووە، کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٤١ هەزار و ٣٧٠ پێشێلکاری جددی بەڵگەیی تۆمارکراوە، کە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٢٥٪ زیادی کردووە، هەروەها جەختی کردەوە، ساڵی ٢٠٢٥ بۆ منداڵان خراپترین ساڵ بوو