ئەو ماڵانەی کە نەڕووخاون بەڵام زیانیان بەرکەوتووە بە "بێ زیان" تۆمار دەکرێن

بەسیرە ئایدین، کە پاش دوو بوومەلەرزەی گەورە لەگەڵ خێزانەکەی لە چادردا دەژین، وتی: "تیمەکان هاتوون بۆ دەستنیشانکردنی زیانەکان بەبێ ئەوەی بچنە ناو دەرگای ماڵەکەوە ڕاپۆرتی "بێ زیانە"یان داوە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

سەمسور- لە شاری سەمسور کە زیاتر لە هەزار خانووی تێدا ڕووخاوە، هیچ ژمارەیەکی ڕوون لەبارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە نەوتراوە، لەو شارەدا کە لە ڕۆژی پینجەمەوە دەستکراوە بە لابردنی بینا رووخاوەکان، داروپەردووەکان دەڕژێننە ناو دۆڵەکانەوە.

 

لەسەمسور کار بۆ دەستنیشانکردنی زیانەکانی بیناکان دەستیپێکرد و ئاشکرایە کە هیچ ماڵێک لە شارەکەدا بەبی زیان نەماوەتەوە، ڕاپۆرتەکە بۆ ئەو خانوانەی لەسەر پێی خۆیان ماونەتەوە بە بی زیان نووسراوە، کەسوکاری زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە کاردانەوەیان هەیە بۆ ڕاپۆرتەکان.

 

"بە بوومەلەرزەیەکی بەردەوام بەسەرماندا دەڕووخێت"

بەسیرە ئایدین کە دانیشتووی گەڕەکی جمهوریەتە لە ناوەندی شارەکە ئاماژەی بەوەکرد کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە خانووەکەیان زیانی پێگەیشتووە و تیمەکان سەیری ماڵەکەیان کردووە و راپۆرتیانداوە کە خانووەکەیان "بێ زیان" بووە بەسیرە ئایدین وتی: "ئێمە ساتی بوومەلەرزەکەمان بیرناکەوێتەوە و هەموومان تووشی شۆک بووین، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ئەم شۆکە لانەچوو، ئێمە هیچ یارمەتییەکمان لە دەوڵەتەوە وەرنەگرتووە، ئافاد چادری پێ نەداین ئێمە خۆمان لە چادری توتنەکانمان دەمێنینەوە، ئەو ڕۆژە هاتن بۆ ماڵی ئێمە بۆ ئەوەی زیانەکان دیاری بکەن بەڵام وتیان ئەوە بێ زیانە، هەموو دیوارەکان یان ڕووخاون یان هەلوەشاون، ئەگەر بوومەلەرزەیەک هەبێت، خانووەکە بەسەرماندا دەڕووخێت، بەڵام بە وتنی 'ئەوە بێ زیانە'، ئێمە بە ئەنقەست بۆ مردن بەجێ دەهێڵن".

 

سکاڵا پەسەند نەکرا

بەسیرە ئایدین ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بۆ سکاڵا کردن لە بڕیارەکە چوونەتە لای دەسەڵاتداران و وتیان پێیان وتراوە کە دوای تەواوبوونی کاری ناسنامە دەتوانن داوای تێهەڵچوونەوە بکەن، وتیشی: "هێشتا بومەلەرزەکان بەردەوامن و پێمان دەڵێن بڕۆن بۆ ماڵەکەتان، لە هەموو دیوارەکاندا تەقیوی هەیە، بەڵام بە رووکەش ئەمە دیارنییەو ئەوان ڕاپۆرتیان دا کە بێ زیانە".

 

دەیان جار داوای چادریان کردووە

بەسیرە ئایدین باسی لەوە کرد کە دەیان جار داوای چادریان کردووەو پێیان نەدراوە و لەگەڵ خێزانەکانیان لەو چادرەدا دەژین کە بە دەرفەتی خۆیان دروستیان کردبوو وتی: "خوشک و براکانم لە سەرەتادا نەخۆش کەوتوون، دەیان جار چادرمان داواکرد بەڵام ئەوان پێیان نەداین، دە کەس لەو چادرەدا دەمێنینەوە کە ئێمە بە دەرفەتەکانمان دروستمان کردووە، هەموومان نەخۆش کەوتین، ئێمە بە دەستی خۆمان ناوچەیەکی پەناگامان بۆ خۆمان دروست کرد، کاتێک باران دەبارێت هەموو پیسی تووتنەکە دەچێتە ناو ئێمەوە و لە چادرەکەدا منداڵان نەخۆش دەکەون".