"ئێوە کەزیەک ببرن ئێمە هەزارەها کەزی دەهۆنینەوە"

دوای بڕینی کەزی شەرڤانێکی کورد لەلایەن چەتە توندڕەوەکانی هەتەشەوە، ژنان لە باشووری کوردستان هەڵمەتی هۆنینەوەی کەزییان دەستپێکرد.

سلێمانی

 

قژ بۆ ژنی کورد تەنها شێوەی جوانی نیە، بەڵکو هێمای ناسنامە، ئازادی و خۆبەڕێوەبردنە، لە مێژووی خەباتی ژناندا، هەر کاتێک توندڕەوان هەوڵیان دا ژن بە سوکایەتی و شکاندنی ڕۆح بکوژن، ئەو کردارە بووە هۆی ئەوەی ژنانی تر بەهێزتر بێنە مەیدان. بڕینی قژی شەرڤانان بەدەستی چەتەکان لەم چوارچێوەیەدا، هێرشێکە بۆ هەموو ژنان و بەئامانج گرتنی ژنان کە مەبەست لێی ترساندنی ژنانە.

 

رووداوی بڕینی کەزی شەرڤانێکی کورد، وەک هێرشێکی  توندرەوانە بۆسەر ژنان،. بەڵام پێچەوانەی ئەوەی توندڕەوان ویستیان، ئەم کردارە نەبووە هۆی ترساندن، بەڵکو بووە هۆکارێکی گەورەی یەکگرتن.

 

لە باشووری کوردستان، ژنان لە شارو شارۆچکە جیاوازەکان بە شێوەی ئاشکرا پاڵپشتی خۆیان دەربڕی، قژیان دەکەن بە کەزی، و بە دەنگێکی یەکگرتوو وتیان:

“بڕینی کەزی شەرڤان هێرشە بۆ هەموومان، و وەڵامی ئێمە زیاتر هۆنینەوەی کەزی و هێزە”.

 

ژنان لەهەموو توێژەکان وتیان: ئەم هەنگاوە نیشانەی ئەوەیە کە ژنان نەک تەنها قوربانی نین، بەڵکو کاراکتەرێکی سەرەکی خەبات و بەرگری کۆمەڵگان. بۆیان، کەزی ژنانی کورد ئێستا بۆتە هێمای بەرخۆدان، وەڵامدانەوەی سوکایەتی، و پەیامێک بۆ هەموو ئەوانەی هەوڵ دەدەن بە توندوتیژی دەنگی ژن لەناو ببەن.

 

ئەمە دیمەنی بەشێک لە ژنانی باشووری کوردستانە ،کە قژیان دەکەنە کەزی  نەک بۆ جوانی بەڵکو وەک پەیامێکی ڕوون بۆ ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر ژنان و شەرڤانانی کورد.