ئەڤین جومعە: ڕێککەوتنی ۱۰ی ئادار ڕێگری لە مەترسییەکان دەکات
ئەڤین جومعە، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ دووپاتیکردەوە، کە دوای ڕووخانی بەعس قۆناغێکی نوێی پێشێلکاری لە سووریا دەستیپێکردووە، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ۱۰ی ئادار ڕێگری لەو پرۆسە مەترسیدارە دەکات.
ڕۆنیدا هاجی
حەسەکە- لە سەرەتای شەڕی سووریاوە لە ساڵی ٢٠١١ەوە، ملیۆنان سووری گەورەترین شەپۆلی کۆچکردنیان لە جیهانی سەردەمی ئەزموون کردووە، زانیارییەکانی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخەن کە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ ژمارەی پەنابەران و کۆچبەرە ناوخۆییەکانی سووریا ١٢ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، ئەڤین جومعە بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ئەم بابەتەی بۆ ئاژانسەکەمان هەڵسەنگاندووە.
"بە مەزەندەکردن ٤ ملیۆن ژن لەنێو پەنابەران و کۆچبەرەکاندا"
ئەڤین جومعە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی زۆرترین زیانیان بەر کۆچکردن دەناڵێنن ژن و منداڵن، لە کۆی ١٢ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار پەنابەر، ژنان و منداڵان زۆرترین ڕێژەی ئەم ژمارەیە پێکدەهێنن، بە مەزەندەکردنی ٤ ملیۆن ژن لەنێو پەنابەران و کۆچبەرەکاندا.
ڕوونیشیکردەوە، کە زۆرێکیان بەرپرسیارن لە پاڵپشتیکردنی خێزانەکانیان لە نەبوونی یان نەمانی هاوژینەکانیاندا و وتی: ژنانی کۆچبەر مافی سروشتی خۆیان هەیە کە بە پارێزراوی و خۆبەخشانە بگەڕێنەوە بۆ شوێنی ڕەسەنی خۆیان، ئەمەش مافێکە کە تەنها بە مسۆگەری نێودەوڵەتی ڕوون و ئاشکرا، کە بریتییە لە پاراستن لە تۆڵەسەندنەوە و توندوتیژی و هەڵاواردن، گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی و مافە مەدەنییەکان، دابینکردنی پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی و تێکەڵبوون بە کۆمەڵگە.
"سیاسەتی سەرەکی کە سەریهەڵدا بە ئامانجگرتنی ژنان بوو"
جەختی لەوە کردەوە، لەگەڵ هاتنی حکومەتی گوازراوە، بینیان کە سیاسەتی نکۆڵیکردن لە بوونی ژنان هێشتا بە توندی بەردەوامە و وتی: دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و هاتنی حکومەتی گوازراوە، هیوایەک هەبوو کە قەیرانەکان لە سووریا کۆتایی پێبێت و دۆخەکە بە گشتی بەتایبەتی دۆخی ژنان باشتر بێت، بەڵام بینیمان ئەو سیاسەتە سەرەکییەی کە سەریهەڵدا، بە ئامانجگرتنی ژنان بوو، ئەم سیاسەتە لە دوای قەیرانی سووریاوە بەڕێوەدەچێت، لە ڕێگەی ئەو سیاسەتەوە ژنان و کۆمەڵگە کراونەتە ئامانج، لەم قۆناغەی ئێستای سووریادا، لەگەڵ هاتنی حکومەتی گوازراوە، بینیمان کە سیاسەتی نکۆڵیکردن لە بوونی ژن هێشتا بە توندی بەردەوامە، هەوڵ دەدەن لە هەموو بوارەکاندا ژنان لە ڕۆڵی خۆیان دوور بخەنەوە، کۆمەڵکوژی و پێشێلکارییەکان لە سووریا بە پلەی یەکەم دژی ژنان ئەنجام دراون، ئامانجیان دابەشکردنی کۆمەڵگە و هەوڵدان بوو بۆ سنووردارکردنی گەشەکردن و ڕۆڵی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە مەبەستی کەمکردنەوەی خەباتیان کە ساڵانێکە بەردەوامە.
"رێککەوتنی ١٠ی ئادار ڕێگری دەکات لە قۆناغێکی توندی پێشێلکارییەکان"
ئەڤین جومعە باسی لە گرنگی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ۱۰ی ئادار بۆ داهاتووی گەلی سووریا کرد و وتی: پێمانوایە بەئامانجکردنی ژنان بەتایبەت لەم قۆناغەدا ئامانجی جێبەجێکردنی سیاسەتی نکۆڵیکردنە لە کۆمەڵگەدا، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ۱۰ی ئادار دەبێتە هۆی گۆڕانکاری و سەقامگیرکردنی دۆخەکە لە هەموو ڕوویەکەوە بەتایبەتی دۆخی ژنانی سووریا و بەمەبەستی پاراستنی ژنان، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دامەزراندنی حکومەتی گوازراوە، ١٢ ملیۆن کۆچبەر هیوایان خواست بگەڕێنەوە، بەڵام بەداخەوە سەرەتای قۆناغێکی نوێی پێشێلکاری بەرامبەر گەلی سووریامان بینی، بەم شێوەیە هیوای گەلی سووریا پارچە پارچە بووە.
"گەڕانەوەی پارێزراو دەبێت هەنگاوێکی بنەڕەتی بێت"
ئەڤین جومعە لە کۆتایی قسەکانیدا، داوای گەڕانەوەی کۆچبەرانی بە پارێزراوی کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە هێشتا ئاسایش بۆ گەڕانەوەی کۆچبەرەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان نەماوە و وتی: پێشێلکارییەکان تا ئەمڕۆش بەردەوامن، داواکاری گەڕانەوەی کۆچبەرانین بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بە مسۆگەری نێودەوڵەتی بۆ پاراستنیان لە پێشێلکارییەکان و لێپرسینەوە لەو کەسانەی بەرپرسیارن لەو پێشێلکاریانەی لە سووریا ڕوودەدەن، هیوا دارین ئەمەش هەنگاوێکی بنەڕەتی بێت.