عەیشان داوای ئازادکردنی باوکی دەکات

عەیشان کە کچی یەکێک لە دەستگیرکراوانی بادینانە و باوکی بە ناڕەوا سزای شەش ساڵ زیندانی کردنی بۆ بڕاوەتەوە، داوای ئازاد کردنی باوکی دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەیهان سەعید مامی عەیشان، وێنەیەکی عەیشانی لە پەیجی فەیسبوکی خۆی بڵاوکردوەتەوەو لەسەری نوسیووە: "عەیشانی کچی مامۆستا شڤان سەعید بەرۆشکی لە سەرەتای ساڵی خوێندندا، داوای ئازادکردنی باوکی دەکات ، کە لەسەر داواکردنی ماف و موچەی خەڵک بە شەش ساڵ زیندانی حوکمدراوە".

 

مامۆستا شڤان سەعید بەڕۆشکی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە دهۆک،کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانی ڕۆژی ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠،هێزێکی چەکداری دەمامکدار چوونە سەر ماڵەکەیی و دەرگای ماڵەکەیان شکاندو و بە لێدان و بە جلی نووستن، بە بەرچاوی منداڵەکانی کە گەورەکەیان تەمەنی ١٠ ساڵە، بردیان.

دواتر لە ١٦ی شوباتى ٢٠٢١ دادگای هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانیی بەسەر هەریەک لە "شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم و هاریوان عیسا"دا سەپاند.

 

دوای تانەی پارێزەران لە بڕیارەکە، دۆسیەکە ڕەوانەی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر کرا، لە ڕۆژی ٦ی ئایار دادگای تێهەڵچوونەوە ڕایگەیاند، کە لە ٢٨ی نیسان، دادگای تێهەڵچوونەوە بڕیاری دادگای دووی تاوانەكانی هەولێری پەسەندکردووە.

 

جارێکی دیکە و لە ٢٠ی ئایاردا، پارێزەران تانەیان لە بڕیارەکەی دادگای تێهەڵچوونەوە دا و داوای ڕاستکردنەوەی بڕیارەکەیان کرد، ڕۆژی ٣ی حوزەیران دۆسیەکە ڕەوانەی دادگای تەمیز"تێهەڵچوونەوە" کرایەوە، بۆ ئەوەی ڕاستکردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، بەلام دواجار دادگاکە لە ٢٠ی حوزەیراندا، سزاکەی وەک خۆی پەسەند کردووە.