یەرەئا و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ئیدانەی ڕووماڵە دوژمنکارییەکانی کەناڵە عەرەبییەکانیان کرد

یەرەئا و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لێدوانە ڕق و کینەئامێزەکانی کەناڵی جەزیرە و هەردوو کەناڵی عەرەبییە و عەرەبیە حەدەس و کەسایەتی و دامەزراوە فەرمییەکانی دیکەیان لە دژی خەڵکی ڕۆژئاوا شەرمەزار کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد "یەرەئا" و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، سەبارەت بە لێدوانە ڕق و کینەئامێزەکانی میدیا عەرەبی و دامودەزگا فەرمییەکان بەرامبەر بە خەڵکی ڕۆژئاوا، ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

 

ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکە بەمشێوەیەیە:

“لە کاتێکدا کە گوتاری ڕق و کینە و هاندانی مەزهەبی زیاد دەکات، کە بووەتە هۆی هێرشی قڕکردنی سیستەماتیک دژی پێکهاتەکانی گەلانی سووریا، ئێمە لە یەکێتیی ڕاگەیاندنی ئازاد (یەرەئا) و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە توندی ڕووماڵ و چەواشەکارییەکانی هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عەرەبی، لە سەروویانەوە کەناڵی جەزیرە و هەردوو کەناڵی عەرەبییە و عەرەبییە حەدەس، لەگەڵ دەزگا فەرمییەکان و کەسایەتییەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا شەرمەزار دەکەین، کە فیتنە و درۆ بڵاو دەکەنەوە و ڕاستەوخۆ هانی شەڕ و کۆمەڵکوژی دەدەن، هەروەها ڕای گشتی دەخەڵەتێنن و بە ئەنقەست گورز لە فرەڕەنگیی سووریا دەدەن.

 

ئێمە ئەم دەزگایانە بە هاوبەشی شێواندنی ڕووداوەکان دەبینین، لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەو تاوانانەی ئەمڕۆ دژی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام دەدرێن، ئەم کەناڵانە دوای ئەوەی دەستیان لە بنەماییترین پێوەرە پیشەییەکان هەڵگرت، پەیماننامەکانی ئیتیکی ڕۆژنامەوانییان پێشێل کرد و بوونە ئامرازی فیتنە بۆ ئەجێندا سیاسییەکان.

 

لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە لە یەکێتیی ڕاگەیاندنی ئازاد "یەرەئا" و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان داوا دەکەین کە دەستبەجێ گوتاری ڕق و کینە و هاندان ڕابگیرێت و پابەندی بێلایەنی بن. داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکەین کە لایەنگری ڕاستی بن و نەبنە هاوبەشی کۆمەڵکوژییەکانی سووریا.

 

ئێمە لە لایەنە پەیوەندیدار و پسپۆڕە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان و دەزگا یاساییەکان دەخوازین کە هەستن بە بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان و تاوانەکانی ئەم کەناڵانە کە بریتین لە تاوانی هاندان و گوتاری ڕق و کینە بەڵگە بکەن، بەڵگەکان کۆبکەنەوە و سنوورداریان بکەن.

 

ئێمە لە یەکێتیی ڕاگەیاندنی ئازاد "یەرەئا" بەرپرسیارێتیی مێژوویی دەخەینە سەر شانی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەگەڵیان کار دەکەن و داوایان لێدەکەین کە پابەندی ئیتیکی پیشەی ڕۆژنامەگەری و پەیماننامە نێونەتەوەییەکان بن.