"ئەرشیفی ژیان"... سەکۆیەک کە چیرۆکی زیانبەرکەوتوانی غەززە بەڵگە دەکات کە زۆربەیان ژن و منداڵن
پلاتفۆرمی «فەڵەستین لەدایک بوو» بە هاوکاری سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستین، پڕۆژەی «ئەرشیفی ژیان»ی دەستپێکرد بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی قوربانیانی جەنگی غەززە لە زمانی بنەماڵەکانیانەوە و پاراستنی یادەوەری و خەونەکانیان لە لەبیرچوونەوە.
نەغەم کەراجە
فەڵەستین- پرۆژەی "ئەرشیفی ژیان" لە ڕێگەی دەنگی خێزان و کەسە نزیکەکانیانەوە، چیرۆکی زیانبەرکەوتووانی جەنگ لە کەرتی غەززەی بەڵگە دەکات، سەرلەنوێ بە وردەکارییەکانی ژیان و خەونەکانیان دەخشێنێتەوە، هەروەها کەشێک دەرەخسێنێت، بۆ پاراستنی میراسی مرۆیی و پیشەیی ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسانەی لە کاتی شەڕدا کوژراون.
پلاتفۆرمی "فەڵستین لەدایک بوو" کە بنکەکەی لە کەرتی غەززە لە فەڵەستین، بە هاوکاری لەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستین، پڕۆژەی "ئەرشیفی ژیان"ی دەستپێکرد. ئەم پڕۆژەیە چیرۆکی زیانبەرکەوتووانی فەڵەستینی لە ڕێگەی دەنگی خێزان و کەسە نزیکەکانیانەوە بەڵگە دەکات، لەسەر بنەمای هەڵمەتی "ئێمە ژمارە نین" کە لەلایەن گروپی پلاتفۆرمەکەوە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ دەستیپێکردووە، ئەو هەڵمەتە نزیکەی هەزار چیرۆکی بەڵگەدار کردووە، کە زۆربەیان زیانبەرکەوتووی مەدەنی بوون، لەنێویاندا ژن و منداڵان، هەروەها بەشێکی تایبەتی لەخۆگرتبوو کە تایبەت بوو بەو ژنانی ڕۆژنامەنووس کە لە کاتی جەنگدا کوژراون.
یارا حەسان، ژنێکی گەنج لەبەردەم پانێڵەکانی "ئەرشیفی ژیان" وەستاوە، لاپەڕەیەکی چاپکراوی بەدەستەوەیە کە وێنەی برا ١٠ ساڵانەکەی بەناوی محەمەدی لەسەرە، کە لەکاتی پڕکردنەوەی سەتڵێک ئاو لە دەروازەی پەناگەیەک بۆ خەڵکی ئاوارەبوو، لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا کوژرا، یارا وردەکارییەکانی ئەو ڕۆژە دەگێڕێتەوە و وتی: ویستم چیرۆکی محەمەدی برام بەڵگە بکەم بۆ ئەوەی یادەوەرییەکەی بە زیندووی بمێنێتەوە، ژیانی لە هەواڵی مردنیدا کورت نەبێتەوە، ئەو ڕۆژەی شەهید بوو، ڕۆژی لەدایک بوونی بوو، جل و بەرگی نوێی لەبەردا بوو، ئەمانە وردەکارییەکانن کە هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە، ویستم خەڵک محەمەد بناسن وەک چۆن ئێمە دەمانناسی، منداڵێکە کە ژیان و یادەوەرییەکانی خۆی هەتە، نەک تەنها ژمارەیەک لە نێو زیانبەرکەوتووان.
لە ژمارەوە بۆ چیرۆکی ژیان
لەگەڵ یەکەم ڕۆژەکانی جەنگەکەدا، لە نێوان بارودۆخی مەیدانی و مرۆیی لەڕادەبەدەر سەختدا ژمارەی زیانبەرکەوتووان پەرەی سەند، لە بەرامبەر ئەم زیادبوونەدا، پلاتفۆرمی "فەڵستین لەدایک بوو" دەستیان کرد بە گەڕان بەدوای ڕێگایەکی جیاوازدا بۆ بەڵگەنامەکردنی زیانبەرکەوتووان، ڕێگەیەک کە نەک هەر بارودۆخی مردنەکانیان بگێڕێتەوە بەڵکو وەک تاکێک پێشکەشیان بکات کە خەونیان بەسەردا ژیاوە و ژیانی ڕۆژانەیان ئەزموون کردووە و پەیوەندی مرۆیییان دروستکردووە.
ئیمان جادڵا کە سەرقاڵی پەرەپێدانی پڕۆژەی "ئەرشیفی ژیان"ە وتی: بیرۆکەکە لە سەرەتای جەنگەکەوە دەستیپێکردووە، بەو پێیەی ڕۆژانە ژمارەی زیانبەرکەوتووان زیادیکردووە، هەروەها هەوڵماندا پەیوەندی بە بنەماڵەی زیانبەرکەوتووان بکەین بۆ ئەوەی چیرۆکەکانیان بە شێوەیەکی جیاواز بەڵگەدار بکەین، نەماندەویست بە سادەیی بارودۆخی مردنیان بگێڕینەوە، ویستمان بزانین کێن و چ خەونێکیان هەبووە و پلانیان چی بووە لە داهاتوودا چی بەدەستبهێنن، بەم شێوەیە هەڵمەتی "ئێمە ژمارە نین" دەستیپێکرد.
ئاماژە بەوەشکرد، کە لەسەر بنەمای خۆبەخشانە کاریان کردووە و لە کۆکردنەوە و بەڵگەنامەکردنی چیرۆکەکاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە، لایەن لەی ناوازەی دەستپێشخەرییەکە لە پێدانی مافی خێزانەکاندایە کە چیرۆکی ئازیزانیان بەو شێوەیەی کە خۆیان هەڵیدەبژێرن بگێڕنەوە، وتی: ئێمە چیرۆکەکان لە ڕوانگەی کەسیی خۆمانەوە نانووسین، هەروەها ڕێگەیەکی دیاریکراویش بەسەر خێزانەکاندا ناسەپێنین بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ئازیزەکانیان، ئێمە ئەو زانیاری و وردەکاریانە وەردەگرین کە ئارەزووی هاوبەشکردنی دەکەن، دواتر بەڵگەیان دەکەین و لە پلاتفۆرم بڵاویان دەکەینەوە.
لەگەڵ زیادبوونی پەیوەندی خێزانەکان لەگەڵ گروپەکەدا، بیرۆکەکە پەرەی سەند و بوو بە پڕۆژەی "ئەرشیفی ژیان"، ئیمان جادوڵا ڕوونیکردەوە، گروپەکە لە چاوەڕوانی خێزانەکانەوە گواستراوەتەوە بۆ لێکۆڵینەوەی چالاکانە لە چیرۆکی زیانبەرکەوتووان، سەردانی کەسوکاریان و پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوکار و ناسیاوەکانیان، جگە لە وەرگرتنی چیرۆک و وێنە و یادگاری لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیەوە.
لە دەستپێشخەرییەوە بۆ ئەرشیف
وەفا ئەبو حەجاج، لە گروپی پلاتفۆرمی "فەڵەستین لەدایک بوو" باسی لەوە کرد، کە هەڵمەتی "ئێمە ژمارە نین" بە ئامانجی مرۆڤایەتیکردنی ژیانی زیانبەرکەوتووان و پێدانی سەکۆیەک بە خێزانەکانیان بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکانیان بە شێوازی خۆیان دەستیپێکردووە، وتی: گروپەکە نزیکەی هەزار چیرۆکیان بەڵگە کردووە، کە زۆربەیان زیانبەرکەتووی مەدەنی بوون، تیشکیان خستۆتە سەر وردەکارییەکانی ژیانیان پێش مردنیان، ئەوەی خۆشیان دەویست، لە داهاتوودا هیوای چییان دەخواست، لەبری ئەوەی چیرۆکەکانیان سنووردار بکەین بە بارودۆخی مردنیان، ئێمە ویستمان بزانین کێن و بیر لە چی دەکەنەوە لە داهاتوودا، هەموو زیانبەرکەوتوویەک چیرۆکێکی هەیە کە لە ساتەوەختی مردنەکەی تێدەپەڕێت و خێزان و کەسە نزیکەکانیان باشترین گونجاون بۆ گێڕانەوەی.
ژنانی ڕۆژنامەنووس لە یادەوەریدا کوژران
ژنانی ڕۆژنامەنووس فەڵەستینی کە لە کاتی شەڕدا کوژراون، لە بەشێکی تایبەتی ئەرشیفەکەدا ئاماژەیان پێکراوە، لە نێویاندا مریەم ئەبودەقە، هیبە عەبادلە، و مەروە موسلیم، لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی دیکە کە هەریەکەیان چیرۆک و ئەزموونی پیشەیی و کەسیی خۆیان هەیە، ئەم چیرۆکانە نەک هەر بارودۆخی مردنیان بەڵگە دەکەن، بەڵکو لە ڕێگەی شایەتحاڵی هاوکارە ژنەکانیانەوە کە دەیانناسی و کاریان لەگەڵدا کردوون، سەردانی لایەنەکانی ژیان و کار و پەیوەندییەکانیان دەکەنەوە، ئەم هاوکارانە وردەکارییەکانی کەسایەتی و یادەوەری و ئەزموونە هاوبەشەکانیان باس دەکەن.
ئەم شایەتحاڵانە ڕەهەندێکی زیادە بە ئەرشیفەکە دەبەخشن، هاوکاران نەک هەر چیرۆکی لەدەستدانی هاوڕێ ڕۆژنامەنووسەکانیان دەگێڕنەوە، بەڵکو بەشداری دەکەن لە پاراستنی یادەوەری ژنانی ڕۆژنامەنووس کە بەشێک بوون لە دیمەنی میدیای فەڵەستین و لە نێوان جەنگ و مەترسیدا بەردەوام بوون لە کارەکانیان، هەروەها لە ڕێگەی ئەم کەشەوە هەر ڕۆژنامەنووسێک دەبێتە زیاتر لە ناوێک لە ئاماری زیانبەرکەوتووان، ئەو کەسێکی پیشەیی و خاوەن ئەزموون و دەنگ و یادەوەری و پەیوەندییەکانن کە کاریگەرییان لەسەر هاوکارەکانی و دەوروبەری بەجێهێشتووە.