ئێران لە سەردەمی پەرەسەندنی سەرکوتی ژنان و منداڵان بەردەوامە لە لەسێدارەدان و دەستگیرکردنەکان
پێشهاتەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئێران بەردەوامە لە ژمارەی پێوانەیی لە سێدارەدان و دەستگیرکردن و ژنان و منداڵان بە تایبەتی دەکرێنە ئامانج، ئەمەش دەیخاتە ڕێڕەوی پێکدادان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.
ناوەندی هەواڵ
ئەو سیاسەتە سەرکوتگەرانەی دەسەڵاتدارانی ئێران پەیڕەوی دەکەن، نیگەرانییەکی بەربڵاوی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بە تایبەتی لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی لەسێداردانەکانی ژنان و گەنجان، جگە لەوەی هەزاران دەستبەسەرکراو ڕووبەڕووی بارودۆخی سەخت و دانپێدانانی زۆرەملێ دەبنەوە.
دەزگای دادگای ئێران دوێنێ ١٥ی شوبات، لە زیندانی قوم، عیسمەت نەجەفی، بەندکراوی لەسێدارە دا، تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمی لە لایەن بەرپرسانی زیندان و دامەزراوە دادوەرییەکان سەبارەت بە لەسێدارەدانەکە دەرنەچووە.
بە لەسێدارەدانی عیسمەت نەجەفی، ژمارەی ئەو ژنانەی کە ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارەدراون بۆ هەشت ژن بەرزبووەتەوە، ئەمەش درێژەپێدەری ڕێبازی ڕژێم بووە، کە ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەربڵاو دەبێتەوە بەهۆی بەئامانجکردنی ئەو ژنانەی کە زۆرجار لەئەنجامی توندوتیژیی خێزانی و هەڵاواردنی یاساییدا ناچاردەکرێن بۆ کردەوەی بەرگریکردن.
بەپێی ئاماری لێژنەی ژنانی ئەنجومەنی نیشتمانی خۆڕاگری ئێران، دەسەڵاتداران لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە لانیکەم ٣٣٦ ژنیان لە سێدارە داوە، لە دوای دەستبەکاربوونی مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ حاڵەتی لەسێدارەدان ئەنجام دراوە کە ٨٦یان ژنن.
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە تەنها ساڵی ٢٠٢٥ زیاتر لە دوو هەزار و ٢٠١ لەسێدارەدان بەخۆیەوە بینیوە، کە زیاترە لە ١٠٠٦ حاڵەتی لەسێدارەدان کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا تۆمارکراون.
لیژنەی ژنانی ئەنجومەنی نیشتمانی خۆڕاگری ئێران داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام و هەموو داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ کرد، هەنگاوی خێرا بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی ئەوەی کە بە "لەسێدارەدانەکانی بێ سنوور" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێناسەی کردووە، هەروەها بەردەوامی ئەم سیاسەتانە مەترسییەکی ڕاستی لەسەر مافەکانی مرۆڤ و ژیانی هەزاران زیندانی بەتایبەت ژنان و منداڵان دروست دەکات.
”ژمارەی کوژراوان و دەستگیرکراوەکان لە کاتی ناڕەزایەتییەکان”
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، دەزگای مافی مرۆڤی "هرانا" ڕایگەیاند، کە ژمارەی کوژراوانی پشتڕاستکراوە لە سەرەتای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانەوە تا ڕۆژی ٥٠ گەیشتووەتە ٧٠١٥ کەس کە شەش هەزار و ٥٠٨ کەسیان سەروو ١٨ سال بوون، ٢٢٦ کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە، هەروەها ئاژانسەکە گیانلەدەستدانی ٦٧ هاوڵاتی مەدەنی تۆمارکردووە کە بەشداری ناڕەزایەتییەکانیان نەکردووە، هاوکات ١١ هەزار و ٧٤٤ حاڵەت لە ژێر پێداچوونەوەدان.
ژمارەی بریندارانی مەدەنی گەیشتە ٢٥ هەزار و ٨٤٥ کەس، ژمارەی دەستگیرکراوەکانیش گەیشتە ٥٣ هەزار و ٥٥٢ کەس کە ١٤٤ خوێندکاری زانکۆن، جگە لەوەش ٣٥٥ حاڵەتی دانپێدانانی زۆرەملێ و ١١ هەزار و ٢٥٣ حاڵەتی بانگهێشتکردن هەبووە، بەپێی هەمان ڕاپۆرت، وڵاتەکە شایەتی ناڕەزایەتی لە ٦٧٦ شوێن لە سەرانسەری ٢١٠ شار و ٣١ پارێزگادا بووە، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی توڕەیی بەربڵاوی گشتییە.
”داوای ئازادکردنی منداڵانی دەستبەسەرکراو”
لە ژێر ڕۆشنایی ئەو هەلومەرجەدا ئەنجومەنی پەرتووکی منداڵان و چەند ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاند، کە نامەیەکی فەرمییان ئاراستەی سەرۆکی ڕێکخراوی زیندان و ئاسایش و ڕێکارەکانی چاکسازی کردووە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی منداڵان و گەنجانی دەستبەسەرکراو و بەتایبەت ئەو خوێندکارانەی کە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا کردووە.
ئەنجومەن جەختی لەوە کردەوە، کە یاسا نیشتمانییەکان سەبارەت بە پاراستنی منداڵان و ڕێکارە دادوەرییەکانی پەیوەست بە منداڵان و گەنجان بنەمای پشتیوانی و چاکسازی دیاری دەکەن نەک داگیرکردنی ئازادی.
جەختی لەسەر پێویستی ڕەچاوکردنی "بەرژەوەندییەکانی منداڵ" و بەکارهێنانی ڕێوشوێنی چاکسازی و خۆپارێزی کردەوە، هەروەها کۆپییەکی نامەکە بۆ وەزیری داد و داواکاری گشتی و لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان و دەسەڵاتی نیشتمانی مافەکانی منداڵان نێردراوە، هاوکات هەوڵە بەردەوامەکانیان دووپاتکردەوە بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی خێرای سەرجەم دەستگیرکراوەکانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ.