یەپەژە: سەرکەوتن تەنها بە ڕۆحی گەلی شۆڕشگێڕی بەدەستدێت

یەپەژە بە بۆنەی ١١ـەمین ساڵیادی سەرکەوتنی کۆبانێوە ڕایگەیاند، سەرکەوتن تەنها بە ڕۆحی گەلی شۆڕشگێڕی بەدەستدێت، لەسەر ئەم بنەمایە بانگەواز لە تەواوی گەلەکەمان دەکەین کە لە دەوری دەستکەوتەکانی شۆڕشی کۆببنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

فەرماندەی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژن "یەپەژە" بە بۆنەی ١١ەمین ساڵیادی سەرکەوتنی کۆبانێ لە دژی چەتەکانی داعش، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ئەو بەرخۆدانەی کە لە کۆڵانەکانی کۆبانێدا ئەنجامدرا، چارەنووسی گەلێکی گۆڕی، تێکۆشانی کۆبانێ پێداگرییە لەسەر ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند، کۆبانێ بە بەرخۆدانی مێژوویی خۆی، بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بووە گوزارشت لە هیوا و ڕۆژانی ئازاد.

 

ئاماژەى بەوەشکردوە، کۆبانێ چەندین مانگ لەناو گەمارۆیەکی تونددا مایەوە و چەتەکانی داعش بە دڕندانەترین شێوە هێرشیان کردە سەر کۆبانێ، لە بەرانبەر هەموو دڕندەییەکانی چەتەکانی داعشیشدا، لە سەری هەر کۆڵانێکی کۆبانێدا بە پێشەنگایەتیی شەڕڤانانی یەپەژە و  بە پشتیوانی گەلەکەمان داستانی قارەمانی نووسرانەوە.

 

یەپەژە باس لەوە دەکات، ئەمڕۆ جارێکی تر هەمان تێڕوانینی جیهادی کە لە هیچ بوارێکی ژیاندا دان بە بوونی ژندا نانێت، بە گرووپە چەتەکانیانەوە هێرشیان کردووەتە سەر ڕۆژئاوا و بە تایبەتیش کۆبانێ، ئەم هێرشانەی ئەنجامدەدرێن، ژیان و ئاساییشی گەلەکەمان دەخەنە مەترسییەکی گەورەوە.

 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا یەپەگە جەختیکردوەتەوە، ئامانجی هێرشەکانی ساڵی ٢٠١٥ چی بوون، ئەوانەی ئەمڕۆش هەمان ئامانجیان لە پشتە، جارێکی تر بەم هێرشانە دەیانەوێت گەلەکەمان ڕووبەڕووی قڕکردن بکەنەوە.

 

هەروەها یەپەژە ئەوەشی خستووەتەڕوو، گەلەکەمان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی گەلێک قوربانیی گەورەی داوە، سەرکەوتنی مەزنی کۆبانێ لە ٢٦ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ـشدا بە هەڵوێستی گەلە قارەمانەکەمان بەدەستهات، لەبەرئەوەش لە بەرانبەر ئەم هێرشانە کە دەستکەوت و ئیرادەی گەلامان دەکاتە ئامانج، سەرکەوتن تەنها بە ڕوحی گەلی شۆڕشگێڕی بەدەستدێت، لەسەر ئەم بنەمایە بانگەواز لە تەواوی گەلەکەمان دەکەین کە لە دەوری دەستکەوتەکانی شۆڕشی کۆببنەوە تاوەکو بە ڕوحی یەکێتیی نەتەوەیی خاوەندارێتی لە بوون و ئیرادەیان بکەن.

 

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: ئێمە وەکو یەکینەکانی پاراستنی ژن لە کەسایەتیی شەهیدانی نەمرماندا ئارین ڕێڤان، گەلهات، هەردەم، ئیڤانا هۆفمان، ساریا ئۆزگور و تەواوی شەهیدانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بەبیردەهێنینەوە، بەڵێنی خۆمان بۆ هێنانەدیی خەیاڵەکانی شەهیدان نوێ دەکەینەوە، بەو ڕوحی بەرخۆدانەی کۆبانێوە بێگومان سەردەکەوین.