"یەپەژە لە تێکشکاندنی داعش ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو"

لە ٣١ی ئایاردا لە شاری قامیشلۆ ڕێپێوانی گەل بۆ پشتیوانی لە یەپەژە بەڕێوەچوو. ئەو ژنانەی بەشدارییان لە ڕێپێوانی پشتیوانی لە یەپەژە کرد، ڕایانگەیاند کە یەپەژە نوێنەرایەتی هەموو ژنان دەکات و وتیان: یەپەژە بە هێزو خەباتی خۆی تیرۆری داعشی تێکشکاند.

نەغەم چاچان 

 

قامیشلۆ-حکومەتی کاتی لە دیمەشق، بە بیرو کردارو هۆشیارییەوە، بە ڕوونی دژایەتی خۆی بۆ ژنان و دەستکەوت و بەهاکانیان نیشان دەدات، بە هۆشیاری حوکمڕانییەوە بەشداری ژنان لە سیاسەت و سەربازیدا قبوڵ ناکات، تا ئێستا بە فەرمی یەپەژەی قبوڵ نەکردووە، لە هەموو دەرفەتێکدا دوژمنایەتی خۆی بەرامبەر بە ژنان نیشان دەدات، ژنانی ڕۆژائاوای کوردستان هەڵوێستی بەهێزیان هەیە بەرامبەر بەم عەقڵیەتە مرۆڤکوژە، لە کایەی کۆمەڵایەتیدا کاردانەوەی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە سووریا بە گشتی لە دژی ڕەتکردنەوەی یەپەژە زیاتر دەبێت، ژنانی پێکهاتە جیاوازەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە یەپەژە بە هێز و ئامادەیی و ئیرادەی سەرەکی خۆیان دەبینن.

ژنانی شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان کە بەشدارییان لە ڕێپێوانی پشتیوانی یەپەژە کرد بە ئاژانسەکەمانیان ڕاگەیاند، یەپەژە بوونی ژن و ئیرادەی ژنانی مسۆگەر کردووە.

 

جەنا مەلا حاجی ئاماژەی بەوەکرد کە یەپەژە نوێنەرایەتی هەموو ژنانی جیهان دەکات و وتی: ئێمەی ژنان پێشەنگی شۆڕش بووین، یەپەژە هێزو بوونی و ئیرادەی هەموو ژنێکی مسۆگەر کرد، یەپەژە دژی هەموو گرووپە تیرۆریستییەکان شەڕی کردووە و بوونی گەلانی پاراستوە، مافی هەموو ژنان و بوونی یەپەژە دەبێت لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێن چالاکییەکان ئەنجام بدەن تا یەپەژە بە فەرمی بناسێندرێت، ئێمە داوا لە هەموو ژنانی جیهان دەکەین کە بوەستن و پشتگیری لە یەپەژە بکەن.

 

یەپەژە شان بە شانی یەپەگە شەڕی کردووە و بوونی گەلانی پاراستووە

شەها سەید ئاماژەی بەوەکرد کە یەپەژە شکستی بە هێزی داعش هێناوەو وتی: جەژنی قوربان لە یەپەژە و ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز بێت، هەمیشە چالاکیی ئەنجام دەدەین تا یەپەژە بە فەرمی بناسرێت، یەپەژە شان بە شان لەگەڵ یەپەگە شەڕی کردووە و بوونی گەلی پاراستووە، ئێمە هەموومان یەپەژەین، یەپەژە شکستی بە هێزی داعش هێنا.

 

حکومەتی کاتی ژنان لە پۆستەکانی سیاسەت و بڕیاردان دوور دەخاتەوە

مەنال محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی کاتی ژنان لە سیاسەت بەدەر دەکات و وتی: دوای ١٤ ساڵ خەبات و بەرخۆدانی یەپەژە لە مەیدانی سەربازی و لە پاراستنی کۆمەڵگە و کولتوور، ئەمڕۆ حکومەتی کاتی بە فەرمی دان بە یەپەژەدا نانێت، دەیەوێت لە ڕێگەی ئیسلامی سیاسی و توندڕەوەوە دەسەڵات و بوون و ئیرادەی ژنان لەناوببات، حکومەتی کاتی ژنان لە سیاسەت و بڕیاردان بەدەر دەکات، لە ڕۆژئاوای کوردستان، ژنان لە هەموو بوارەکاندا خۆیان نیشانداوە یەپەژە بوون و ناسنامەی ئێمەیە، لەگەڵ یەپەژە مافی ژنان لە هەموو بوارەکاندا مسۆگەر دەبێت.

 

شۆڕشی ڕۆژئاوا بە شۆڕشی ژنان ناسرابوو

هەروەها عاقلیمە حسێن سەرنجی بۆ ڕۆڵی یەپەژە لە تێکشکاندنی داعش ڕاکێشاو وتی: شۆڕشی ڕۆژائاوا بە شۆڕشی ژنان ناسرابوو، یەپەژە لە کۆبانی، سەرێکانی، عەفرین، ڕەققە، تەبقا و دێرەزوور خەباتێکی بێهاوتای ئەنجامداوە و چەندین دەستکەوتی پیرۆزی بەدەستهێناوە. وەک ژنان و دایکان پشتیوانی  یەپەژە دەکەین کە ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە شکستپێهێنانی داعش.