"یەپەژە فەلسەفەیەکی مرۆیی و هێزێکە بۆ گۆڕانکاری"

بە بۆنەی ١٣ ساڵەی دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" لە شاری کۆبانی مەراسیمێکی سەربازی بەڕێوەچوو. یەپەژە ڕایگەیاند کە ئەوان لە سایەی ڕۆڵی خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بوونەتە هێزێک کە خاوەن میراسێکی جیهانی خەباتن.

کۆبانێ

 

یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" لە ساڵی ٢٠١٣ وەک هێزێکی سەربازی سەربەخۆی ژنان دامەزراون. ئامانجی یەپەژە ڕێکخستنی بەشداری ژنان بوو لە خۆپاراستن و بەرگریکردن لە کۆمەڵگە ناوخۆییەکانیان. هەروەها وەک یەکێک لەو ڕێکخراوە دیارانە دەرکەوتووە کە بوونی ژنانیان لە خزمەتی سەربازیدا جێگیر کردووە.

 

ئەمڕۆ یەکینەکانی پاراستنی ژنان یەپەژە بە بۆنەی ١٣ ساڵەی دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە شاری کۆبانی مەراسیمێکی گەورەی سەربازییان بەڕێوەبرد، دڵبرین کۆبانێ، یەکێک لە فەرماندەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان، لەو بۆنەیەدا قسەی کردو وتی: یەکینەکانی پاراستنی ژنان پێویست ناکات خۆیان بسەلمێنن، چونکە یەپەژە بە خەباتی خۆی لە دژی نادادپەروەری و توندوتیژی داستانێکی مێژوویی نووسیوە، ئێمەش بارگرانی میراسە گەورەکانمان لەسەر شانی خۆمان هەڵگرتووە. چونکە ئێمە ئیلهام بۆ خەباتی خۆمان لە مێژووی ئەو ژنانەی کە لە پێناو وڵات و گەلەکەیاندا خەباتیان کردووە و گیانیان بەخت کردووە وەردەگرین. 

 

دڵبرین کۆبانێ جەختی لەوە کردەوە کە هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قەرزاری خەباتی یەکینەکانی پاراستنی ژنانە، بەهۆی ئەو قوربانییە مەزنانەی کە بۆ نەهێشتنی داعش داویانە، وتی: لە سایەی خەبات و قوربانیدان، ئەمڕۆ بووین بە مۆدێلێکی ناوازە لە سەرانسەری جیهاندا، و دوای ئەم خەباتەش هیچ کەسێک ناتوانێت ئیرادەی ژنان تێکبشکێنێت و بێبەشیان بکات چونکە ئێمە بەڵێنمان بە گەلەکەمان داوە کە تا دوا هەناسەمان دەیانپارێزین.

 

"یەپەژە فەلسەفەیەکی مرۆیی و هێزێکە بۆ گۆڕانکاری"

دڵبیرین کۆبانێ ئاماژەی بەوەدا کە یەپەژە لەسەر بنەمای پاراستنی گەل و نیشتمان دامەزراوەو وتی: یەکینەکان لەسەر بنەمای پاراستنی خاک و گەل دامەزراون و ئەو یەکانە تەنها هێزێکی چەکدار نین، بەڵکو فەلسەفەیەکی مرۆیی و هێزێکن بۆ گۆڕانکاری و یەکگرتوویی بۆ هەموو گەلان، ئێمە هەمیشە لە پێناو گەلەکەماندا شەڕمان کردووە، هەرگیز نادادپەروەریمان قبوڵ نەکردووە و قبوڵ ناکەین، بەڵێن دەدەین کە بەردەوام دەبین لە خەبات و شایستەی فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان بین کە ژنانی پێشکەش کردووین.

 

دوای ئەو مەراسیمە سەربازییە، شەڕڤانانی ژن بە دروشمەوە بەرەو گۆڕەپانی ژنانی ئازاد ڕۆیشتن و لەوێشەوە  بۆ پیرۆزکردنی ٧٧ ساڵەی لەدایکبوونی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، کە سبەینێیە، چوونە ئەو ماڵەی کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تێیدا مابووەوە لە گوندی "ئەلبلور" کاتێک پەڕییەوە بۆ سووریا.