ئەنجومەنی ژنان و ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل: با نەورۆزی ئەمساڵ بکەینە کەرنەڤاڵی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆو یەکێتیی نەتەوەیی
ئەنجومەنی ژنان لەگەڵ ئەنجومەنی گەل و هاوسەرۆکایەتی شارەوانیی بناری قەندیل بانگەوازیان بۆ کەرنەڤاڵی مەزنی نەورۆزی ئەمساڵ کردو داوا لە تەواوی ژنان، گەنجان و گەلی کوردستان کرا بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی کوردی و بە ڕۆحیەتی بەرخۆدانەوە بەشداری نەورۆزی قەندیل ببن.
بناری قەندیل
دوێنێ بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی ژنان و ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل، هاوسەرۆکایەتی شارەوانی و ژمارەیەک لە چالاکوانان و خەڵکی دەڤەرەکە، ڕاگەیاندراوێکی هاوبەش بۆ کەرنەڤاڵی نەورۆزی ساڵی ٢٧٢٦ی کوردی بڵاوکرایەوە.
ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن لاڤان مستەفا، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیلەوە خوێندرایەوە. تێیدا ئاماژە بەوە درا کە نەورۆزی ئەمساڵ بە دروشمی "ڕێبەرایەتی ئازاد و یەکێتی دیموکراتی کوردان" لە قەندیل شکۆدار دەکرێت و، لە کەسایەتی شەهیدی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا "ئەحمەد هێمن کەرکوکی"دا پێشکەش بە ڕۆحی سەرجەم شەهیدانی شۆڕشی ژنان و کوردستان کرا.
" ئیدی سەردەمی نکۆڵیکردن لە گەلەکەمان کۆتایی هاتووە"
لە بەشێکی ڕاگەیاندراوەکەدا، تیشک خرایە سەر گرنگی مێژوویی و هەنووکەیی نەورۆز و هاتووە: نەورۆز لە دێرۆکی کوردان و گەلانی ناوچەکەدا هێمای سەرکەوتنی ئیرادەی گەلە بەسەر زوحاکە ستەمکارەکاندا. بۆ ژیاندنەوەی ئەم نەریتە مێژووییەش، کاوەی سەردەم "مەزڵوم دۆغان" بە دروشمی "بەرخۆدان ژیانە" ئیرادەی کوردی گەیاندە بەرزترین ئاست. بۆیە کەرنەڤاڵی نەورۆز لە قەندیلی لانکەی بەرخۆدان، پەیامێکی واتادارە بۆ دۆست و نەیاران، کە ئیدی سەردەمی نکۆڵیکردن لە گەلەکەمان کۆتایی هاتووە و کاروانی ئازادی و ئاشتی بە گوڕتر دەستپێدەکات.
ئەنجومەنی گەل و ئەنجومەنی ژنانی بناری قەندیل جەختیان لەوەش کردەوە کە قەندیل لەپاشخانی جیۆپۆلەتیک و جیۆکلتووریدا ناوەندێکی زۆر گرنگە، بۆیە دەیانەوێت نەورۆز لە قەندیلەوە بکەنە وەڵامدەرەوەیەکی سیاسی دژی شەڕی بێکۆتایی فاشیزم. هاوکات بانگەوازیان لە کچان و کوڕانی کوردەواری کرد کە بە جلوبەرگی ئاڵوواڵا و ڕەنگاوڕەنگیانەوە بەشداری بکەن بۆ ئەوەی "بە گەرمای ڕۆحی نەورۆز سنوورەکان و سایکس-پیکۆ هەڵبوەشێنینەوە.
سەبارەت بە بەرنامە و کاتی بەڕێوەچوونی کەرنەڤاڵەکە، کۆمیتەی ئامادەکار ئاشکرای کرد کە ئاهەنگەکە لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئادار لە بناری قەندیل بەم شێوەیە بەڕێوەدەچێت:
ئێوارەی ٢٠ی ئادار: ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە و بە پێشەنگایەتی گەنجان ڕێپێوان بە مەشخەڵەوە بۆ سەر چیا ئەنجام دەدرێت، پاشان مۆم لەسەر گڵکۆی شەهیدان دادەگیرسێندرێت.
ڕۆژی ٢١ی ئادار: بە بەشداری چەندین هونەرمەند و گرووپی هونەری، ئاهەنگی فیناڵی نەورۆز لە گۆڕەپانی نەورۆز لە بناری قەندیل بەڕێوەدەچێت.
" وەرن نەورۆزی ئەمساڵ بکەینە نەورۆزی یەکێتیی نەتەوەیی"
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، بە دروشمی دڵسۆزی بۆ تێکۆشان، لاڤان مستەفا وتی: بانگ لە تەواوی گەلەکەمان و ژنانی ئازادیخواز دەکەین، وەرن نەورۆزی ئەمساڵ بکەینە نەورۆزی یەکێتیی نەتەوەیی و ئازادیی فیزیکیی ڕێبەر ئاپۆ. بە هیوایەکی گەورەوە چاوەڕوانی بەشداریی ملیۆنیی نەورۆزی ئازادین و گەلی بناری قەندیل بە ڕۆحیەتی ژیاندۆستییەوە لە پێشوازیتاندا دەبێت.