ئەنجومەنی عشتار لە دژی مەزهەر خۆراسانی کە بێڕێزی بە شەڕڤانێکی ژن کرد ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

ئەنجومەنی عشتاری کامپی پەنابەرانی مەخموور ڕاگەیاندراوێکی دژ بە مەلا مەزهەر خۆراسانی بلاوکردەوە کە بێڕێزی بە شەڕڤانێکی ژن کرد کەلە هێرشی سەر شێخ مەقسودو ئەشرەفیە شەهید بوو دواتر جیهادییەکانی هەتەشە تەرمەکەیان لە باڵەخانەوە فڕێدایە خوارەوە.

مەخموور

 

لە ٦ی کانوونی دووەم، هێزە جیهادییەکانی حکومەتی کاتی سووریا، هێرشێکی جینۆسایدیان بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب دەستپێکرد. لەو شەڕەدا شەڕڤانێکی ژن شەهید بوو. جیهادیەکانی هەتەشە بە شێوەیەکی دڕندانە بێڕێزییان بە جەستەی ئەو ژنە شەڕڤانە کرد. لەسەر ئەم پرسە، کەسێک بە ناوی مەلا مەزهەر خۆراسانی قسەی بێڕێزانەی لە دژی ژنە شۆڕشگێڕەکە و ژنان بە گشتی کرد،  ئەنجومەنی عشتاری شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی لەسەر ئەو پرسە بڵاوکردەوە.

 

"پێویستە سەرکردە ئاینییەکان خاوەن میهرەبانی و دادپەروەری و ڕێزگرتن بن"

ڕاگەیاندراوی ئەنجومەنی عشتاری مەخموور بەم شێوەیەیە: کاتێک باسی پیاوانی ئایینی  دەکەین، بە پێی کەرامەتی ئایینەکان، بە نموونەی میهرەبانی و دادپەروەری و ڕێزگرتن ناسراون، بەداخەوە هەندێک جار دەبینین کە هەندێک کەس ئەم ئەرکە بۆ بچووککردنەوە و بێبایەخکردنی نیوەی کۆمەڵگە، واتە ژنان، بە کاردەهێنن. ئەو ژنەی بچوک دەکرێتەوە دایک و خوشک و هاوژین و شۆڕشگێڕ و لە سەرووی هەمووشیانەوە مرۆڤە. بۆ ئەو هیچ باوەڕ و بیرۆکەیەک ڕێگە نادات کەرامەتی کەسێک پێشێل بکرێت. چونکە لە بناغەی بیروباوەڕەکاندا 'زانست' و ڕەوشت' هەیە. پیاوی ئایینی کە لەبری زانیاری، توڕەیی و ڕق و کینەی خۆی لە بەرامبەر ژنێکدا بڵاودەکاتەوە کە بەرگری لە خاک و کۆمەڵگەکەی دەکات، ئەمە واتای ئەوەیە کە لە ئەرکی ڕاستەقینەی خۆی لاداوە. ئێمە دەزانین کاتێک زمانی توڕەیی لە دژی ژنان بەکاردەهێنرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان لەناو خێزان و لەسەر شەقامەکان.

 

هەروەک مێژوو دەریخستووە، ژنان تەنیا بەرپرسیار نین لە ماڵەکانیان، بەڵکو بونیادنەری ژیان و پارێزەری شەرەفی کۆمەڵگەن. بێگومان کاروباری ناوماڵ پیرۆزە، بەڵام سنووردارکردن و قەتیسکردنی ژنان لە کارەکانی ماڵەوە، هەوڵێکە بۆ سەرکوتکردنی ئیرادەی ژنان، ئەو ژنانەی ئەمڕۆ لە بوارەکانی شەڕ و زانستدا بەشداری دەکەن، نیشانیان داوە کە سنوورەکانیان زۆر فراوانترە لەو سنوورانەی کە هۆشیاری حوکمڕانی بکوژی سووتێنەر بۆیانی داناوە.

 

هەر لەبەر ئەم هۆکارە بانگەوازی دژی ئەو عەقڵیەتە پاشەکشەکارە دەکەین کە تەنها لەسەر بنەمای زایەندپەرستی دەیەوێت کۆمەڵگە بەڕێوەببات و دەڵێین پێویستە سەیری مێژووی ژنان بکەن بەتایبەتی مێژووی ژنانی بەرخۆدیری کورد، هەر لە ڕیندێخانەوە تا عادیلەخانم، لەیلا قاسم، سارا، ئارین و دواجار ژنانی شۆڕشگێڕ دەنیز، لەیلا قاسم و گەریلا ئامارا کە لە شەڕی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بۆ ڕزگاربوون لە عەقڵییەتی زایەندپەرستی گیانی خۆیان بەخشی لە پێناو خاک و کۆمەڵگاکەیان و شەهید بوون.

 

لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە ئەو بۆچوونە ئیدانە دەکەین کە ژن وەک 'موڵکی خێزان' دەبینێت. ئێمە دەڵێین ژن شۆرشە، ژن ژیانە، ژنیش ئازادییە. هیچ هێزێک ناتوانێت ئیرادەی ئەو ژنانە بوەستێنێت کە هۆشیار و زانیاریان هەیە.