ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان ڕاگەیاندراوێکی دژی لەناوبردنی گۆڕی شەهیدان بڵاوکردەوە
ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی جزیرەی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا سەرەڕای شەرمەزارکردنی کردەوەی نامرۆڤانەی دژ بە گۆڕی شەهیدان و لەناوبردنی گۆڕەکان لەلایەن هەتەشە و گرووپە چەتەکانی دیکەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
قامیشلۆ
ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی جزیرە لە ڕاگەیاندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری قامیشلۆ، هێرش و کردەوەی نامرۆڤانەی گرووپە چەتەکان لە بەردەم گۆڕستانی شەهیدان لەو ناوچانەی کە هێزەکانی هەسەدە لێیان کشاونەتەوە شەرمەزار کرد، راگەیاندراوەکە بە بەشداری ئەندامانی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان لە شارەکە خوێندرایەوە.
"کەرامەتی شەهیدەکانمان هێڵی سوورە"
عەبیر عەندۆ، ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان راگەیاندراوەکەی خوێندەوەو وتی: ئێمە بە توندی ئیدانەی هێرشەکان دەکەین بۆ سەر پیرۆزییەکانمان و هێماکانی کەرامەتمان، لەو ناوچانەی کە هێزەکانمان لێ کشاونەتەوە. لەوێ گۆڕستانی شەهیدان تاڵان و تێکدان کراوە، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای کەرامەتی شەهیدان و بەها مرۆییەکانە. ئەم کارە قێزەونانە ئامانجیان لەناوبردنی گۆڕی قارەمانەکانمان بوو کە لە دۆزی ئازادیدا گیانی خۆیان بەخشی. بۆ هەموو جیهان دەیسەلمێنێت ئەو دەستدرێژکارانە بە عەقڵیەتی دواکەوتووی خۆیانەوە کە تەنانەت لە شەهیدەکانی ئێمەش لە گۆڕەکانیاندا دەترسن، لە پێوەرە ڕەوشتییەکان بێبەشن. ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە کەرامەتی شەهیدەکانمان هێڵی سوورە، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین ئەو پێشێلکاریانە بەڵگەدار بکەن و بەرپرسیارانە سزایان بدەن، سوێند بە شەهیدەکانمان دەخۆین کە لەناوبردنی بەردی گۆڕەکانیان ئیرادەی ئێمە بۆ پاراستنی بەهاکانیان بەهێزتر دەکات. یادەوەری ئەوان هەمیشە لە ویژدانی ئێمەدا زیندووە و بە خیانەت و لەناوچوون لەناو ناچێت.
راگەیاندراوەکە بە دروشمی “شەهید نامرن” کۆتایی هات.