ئەنجومەنی ژنانی هەدەکە بۆ ٨ی ئادار داوای بەرزکردنەوەی دەنگی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکەن
ئەنجومەنی ژنانی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان ”هەدەکە” لە میانی بۆنەیەکدا لە ئیستەنبوڵ، کارنامەی ٨ی ئاداری بڵاوکردەوە و یەکگرتوویی خەباتی ژنانیان دووپاتکردەوە، سیاسەتەکانی بە ئامانجگرتنی ژنانی ڕەتکردەوە و داوای بەرزکردنەوەی دەنگی "کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد.
ئیستەنبوڵ
ئەنجومەنەکانی ژنانی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان ”هەدەکە” ڕاگەیاندراوێکیان سەبارەت بە نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانی ژنان بڵاوکردەوە کە دەکەوێتە ٨ی ئادارەوە، ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن میراڵ دانش بێشتاش، هاوسەرۆکی ”هەدەکە”، لەگەڵ بەرپرسانی ”هەدەکە” و دەم پارتی ، چالاکوانانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) و نوێنەرانی ڕێکخراوە جیاوازەکانی ژنان پێشکەش کرا.
لە میانی چالاکییەکەدا، پانکارتێک نمایشکرا کە لەسەری نووسرابوو "ئەو ژنانەی سنوور تێدەپەڕێنن کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بونیاد دەنێن" و ڕاگەیەیاندراوەکە لەلایەن هێلین ئۆنوک، ئەندامی لینژنەی کۆردیناسیۆنی ژنانی ئەنجومەنەکانی ژنانی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان ”هەدەکە” خوێندرایەوە.
هێلین ئۆنوک بە سڵاوکردن لە ژنانی بەشداری مانگرتنی گشتی ساڵی ١٨٥٧ بۆ موچەی یەکسان، خوشکانی میراباڵ، ژنانی شەڕڤانی ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد، هەروەها سڵاوی لە ژنانی زیندانی کرد کە بەردەوامن لە خەباتی خۆیان بۆ ئازادی و یەکسانی لەناو زیندانەکاندا، ٨ی ئاداری ئەمساڵ لە ڕێگەی بەرخۆدان و هاودەنگی و بەرگری لە خۆوە یاد دەکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانە ژنان بۆ ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی پیاوسالاری و شەڕ و ئازاردان دێنە سەر شەقامەکان، لە ساڵی ٢٠٢٥دا ٢٩٩ ژن و ٦٤ منداڵ لە ئەنجامی توندوتیژی پیاوان کوژراون، لەکاتێکدا شەڕە ناوچەییەکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا پەرەی سەند و بارگرانییەکی زیاتری خستۆتە سەر ژنان، وتی: هاودەنگی ژنان سنوورەکان تێدەپەڕێنێت.
”ئەو سیاسەتانەی ڕەتکردەوە کە ژنان بەدەر دەکەن”
هێلین ئۆنوک جەختی لەوە کردەوە، کە ئەنجومەنەکانی ژنانی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان ”هەدەکە” بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە ناسنامەی هاوبەشی خەڵک و ڕەتکردنەوەی ئەو سیاسەتانەی کە "ژنان بەدەر دەکەن" دووپات دەکەنەوە، پابەندبوونی خۆیان بە دەستکەوتەکانی ”ڕێککەوتنی ئیستەنبوڵ” ڕاگەیاندووە و ”هاودەنگی لە گەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێک و لە شەقامێکەوە بۆ شەقامێکی دیکە” بڵاودەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان لە کارگەکاندا دەکوژرێن و لە ماڵەکانیاندا پەراوێز دەخرێن و لە زانکۆکان و لەسەر شەقامەکان دەکرێنە ئامانج، ئەم کارانە بە بەشێک لە سیاسەتی دوژمنکارانەی سیستماتیک دەزانن.
دووپاتی کردەوە، کە خەباتی ژنان لە فەڵەستین، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەفغانستان و ڕۆژئاوای کوردستان درێژکراوەی خەباتی ئەوانە، بۆ ئەوەی دوژمنانی ژنان یەکبگرن، چونکە ژنانیش یەکگرتووە، هەروەک چۆن دوێنێ لە گۆڕەپانەکاندا بووین، ئەمساڵ جارێکی دیکە لە ٨ی ئادار لەوێ دەبینەوە.
"کوشتنی ژنان سیاسەتێکی سیستماتیکە و بێ سزایی لەسەر فەرمانی دەوڵەتە"
مەراڵ دانش بێشتاش، هاوسەرۆکی ”هەدەکە”ڕایگەیاند، کە ڕاگەیاندراوەکە بەرنامەی کردەوەی ئەوان بۆ ڕووداوەکانی ٨ی ئادار دەخاتە ڕوو و وڵات تووشی قەیرانێک بووە "کە بە پلەی یەکەم بارگرانی لەسەر ژنان و گەنجان و کرێکاران دەکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە تورکیا لە یەک ڕۆژدا شەش ژن کوژراون، ئەم تاوانانە تەنها ئامار نین بەڵکو دەرئەنجامی "سیاسەتی سیستماتیک"ن، سیاسەتەکانی بێ سزایی "بە فەرمانی دەوڵەت ئەنجامدەدرێن" و سیاسەتەکانی "ساڵی خێزان" بە تەواوی ژنانی پشتگوێ خستووە.
مەراڵ بێشتاش ڕەخنەی لە قسەی فەرمی سەبارەت بە ژیان و جەستەی ژنان گرت و وتی: لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت بە ژمارەی منداڵان "وەک ئامرازێکی سیاسی بەکاردێت" و سیاسەتمەداران دەنگدانەوەی ئەو لێدوانانە دەدەنەوە و دەستوەردان لە ژیانی ژنان دەکەن.
لە کۆتای قسەکانیدا مەراڵ بێشتاش ئاماژەی بە بانگەوازی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کرد لە ٢٧ی شوباتدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئازادی ژنان مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ هەر پرۆسەیەکی ئاشتی یان بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، ئەگەر ئازادی ژنان وەک بنەما وەرنەگیرێت، هیچ ئاشتییەک بەدی نایەت، لە ٨ی ئاداردا دەنگی خۆمان بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بەرز دەکەینەوە.
بابەتی بەیانی