ئەمڕۆ چل و حەوت ساڵ بەسەر بۆردومانی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت

لە شاری هەڵەبجە یادی بۆردومانی هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٧٤ کرایەوە کە لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقییەوە ئەنجامدرا و تێیدا ٥٨ کەس شەهید بوون.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم دیواربەندی شەھیدانی ١٩٧٤دا لە مۆنۆمێنتی شەھیدانی ھەڵەبجە یادی بۆردومانی ٢٦ی نیسانی ١٩٧٤ کرایەوە و تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفا  دانرا.

کامەران مستەفا بەڕێوەبەری شەهیدانی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا: ئەمڕۆ چل و حەوت ساڵ بەسەر بۆردومانی ساڵی ١٩٧٤ی شاری هەڵەبجەدا تێپەڕ دەبێت، ڕژێمە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق دەستیان لە هەڵەبجە نەپاراستووە و بەردەوام ئەم شارە کەوتووەتە بەر هێرش و کاولکارییەکانی ڕژێمی بەعس، وتیشی هەڵەبجە وای لێهاتووە ڕۆژ نییە یادی کارەساتێک نەکەینەوە، داوا لە دەسەڵاتی سیاسی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین زیاتر خزمەت بەم شارە بکات.

لە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤دا ڕژێمی بەعس بۆردومانی قەڵادزێی کرد و چەندین شەهید و برینداری لێکەوتەوە، خەڵکی هەڵەبجە لە خەم و ئازاری خەڵکی قەڵادزێدا بوون، کە پاش دوو ڕۆژ بە هەمان شێوە هەڵەبجەش بە چەکی ناپاڵم بۆردومان کرا، تێیدا ٥٨ شەهید و زیاتر لە سەد بریندار بوون، هەروەها بووە هۆی کاول بوونی دوکان و بازاڕی هەڵەبجە.

 

ت.پ