ئەلماز ڕۆمی بوو بە هاوسەرۆکی شارەوانی کۆبانێ

ئەڵماز ڕۆمی، کە هاوسەرۆکی کۆمیتەی ئیکۆلۆژی شاری کۆبانێ بوو، پۆستی هاوسەرۆکی شارەوانی کۆبانێی وەرگرت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٢٩ی کانوونی دووەم، ڕێککەوتنێک لە نێوان هێزەکانی قەسەدە و حکومەتی کاتی واژۆ کرا. بەگوێرەی ئەم ڕێککەوتنە بڕیار بوو زۆرێک لە دامودەزگاکانی ڕۆژئاوای کوردستان یەکبخرێن، بەڵام  حکومەتی کاتی بەگوێرەی ئەم ڕێککەوتنە هەڵسوکەوتیان نەکرد و لە ٢ی نیساندا، سەرۆک شارەوانییەک لەلایەن حکومەتی کاتی بۆ شارۆچکەی چەلەبی شاری کۆبانێ دەستنیشان کرا.

 

خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایی خۆیان دەربڕی

ئەمەش ناڕەزایی لێکەوتەوە، خەڵک کاردانەوەی خۆیان نیشان داو گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا سەریهەڵدا. دوای ئەم پێشهاتانە کۆبوونەوەی بەردەوام لە نێوان هەردوولا ئەنجامدرا. هەرچەندە لە کاتی دانوستانەکاندا گرژییەکان زیاتر بوون و خەڵکی ناوچەکە کاردانەوەیان هەبوو، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێمنییەکی بەشەکی بەخۆیەوە بینیوە، پێش ئەوەی هێزەکانی حکومەتی کاتی سەرۆکی شارەوانی لەسەر خۆیان دیاری بکەن، ڕێککەوتنێک کرا کە شارەوانی کۆبانێ ڕادەستی ئیدارەی شاری کۆبانێ بکرێت و سەرۆکی شارەوانی لەلایەن ئیدارەی شارەوە کاندید بکرێت و دەستنیشان بکرێت.

 

ئەلماز ڕۆمی دەبێتە هاوسەرۆکی شارەوانی کۆبانێ

سەبارەت بەم بابەتە، ئیدارەی شاری کۆبانێ دوای دانوستان لەگەڵ سەرجەم دامودەزگاکانی، ئەلماز ڕۆمی وەک هاوسەرۆکی شارەوانی دەستنیشان کرد. دوێنێ بە فەرمی دەستبەکاربوونی ئەلماز ڕۆمی بۆ شارەوانی ڕاگەیەندرا. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە ئەمڕۆ ئەلماز ڕۆمی دەست بە ئەرکەکانی بکات.

 

ئەلماز ڕۆمی پێشتر وەک هاوسەرۆکی کۆمیتەی ئیکۆلۆژی و ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە هەرێمی فورات کاری کردووە.