یەکێتی ژنانی سودان داوای کۆتاییهێنان بە توندوتیژی سێکسی و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەکانی جەنگ دەکات
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتی ژنانی سودان داوای کرد کۆتایی بە توندوتیژی سێکسی دژی ژنان بگیرێت و دان بەوەدا بنێن کە دەستدرێژی و کۆیلایەتی سێکسی وەک چەکی شەڕ ڕەنگە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی پێکبهێنێت.
سودان
لیژنەی جێبەجێکاری یەکێتیی ژنانی سودان، بە بۆنەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کە دەکەوێتە ڕێکەوتی ٢٥ی تشرینیدووەمەوە، ڕاگەیاندندراوێکی بە دروشمی "دەنگی ژنانی سودان هەرگیز ناشکێنرێت" بڵاوکردەوە.
لیژنەی جێبەجێکاری یەکێتیی ژنانی سودان لە ڕاگەیاندراوەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوەی ژنان لە سودان رووبەڕووی دەبنەوە ڕووداوی تاکەکەسی نییە، بەڵکو قەیرانێکی مرۆیی و مافی مرۆڤی مەترسیدارە کە لە سایەی ململانێی بەردەوام و داڕمانی دەزگاکانی پاراستن و دادپەروەریدا پەرەدەسێنێت.
"توندوتیژی سێکسی بووەتە دیاردەیەکی دووبارەبووەوە بۆ ترساندنی ژنان"
ئاماژەی بەوە کرد کە توندوتیژی سێکسی لە سوداندا ئیتر تەنها پێشێلکارییەکی هاوەڵی ململانێکان نەماوە، بەڵکو بووەتە ڕێبازێکی دووبارەبووەوە کە بەکاردەهێنرێت بۆ ترساندن و بێڕێزیکردن بە ژنان، کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگەکان و ئاوارەکردنی بەزۆر و سەرجەم ئەم ڕفتارانە دەگرێتەوە، دەستدرێژی، دەستدرێژی بە کۆمەڵ، کۆیلایەتی سێکسی، ڕفاندن، هاوسەرگیری زۆرەملێ، ئەشکەنجەدانی سێکسی و بازرگانی بە مرۆڤەوە.
ڕاگەیاندراوەکە پشت بە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤییەکان بەستووە، لەوانە ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ٥٤٦ رووداوی توندوتیژی سێکسی پەیوەندیدار بە ململانێکانەوە بەڵگەنامە کردووە، لە سەرەتای ململانێکانەوە تاوەکو ناوەڕاستی نیسانی ئەم ساڵ، کە لانیکەم ٨٣٨ زیانبەرکەوتووی لە ١٦ پارێزگادا گرتووەتەوە، لەوانە ٥٣٩ ژن و ٢٨٤ مداڵی کچ، هەروەها نزیکەی چارەکە ڕووداوەکان دەستدرێژی بەکۆمەڵیان تێدابووە و کۆیلایەتی سێکسی بەڵگەنامە کراوە کە ٨٥ ژن و مندزڵێ کچی گرتووەتەوە، هەروەها گیانلەدەستدانی ١٣ زیانبەرکەوتوو کە بچووک٥رینیان تەمەنی ٩ ساڵ بووە.
هەروەها ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەی بە ڕاگەیاندراوەکەی دەزگای ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لە نیسانی ٢٠٢٦دا، جەختی کردەوە کە ژمارەی ئەو ژن و منداڵە کچانەی پێویستیان بە خزمەتگوزارییەکانی پشتگیرییە چەندین هێندە زیادیکردووە و زیاتر لە ٤.٣ ملیۆن ژن لە ناوخۆی سوداندا ئاوارە بوون بەبێ ئەوەی ئاوارەییەکە پارێزراوی بۆ دابین کردبن.
لە دارفور، ڕاگەیاندراوەکە لە ڕێگەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوورەوە کە لە ئاداری ٢٠٢٦ دەرچووە، گواستییەوە کە ناوەندە تەندروستییەکانیان سێ هەزار و ٣٩٦ ڕزگاربووی توندوتیژی سێکسیان لە باکوور و باشووری دارفور پێشوازی لێکردووە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە تا تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، کە ژنان ٩٧٪ی ئەوانەیان پێکهێناوە، جەختی کردەوە کە ئەم حاڵەتانە تەنها بەشێکن لە قەبارە ڕاستەقینەکە.
ڕاگویاندراوەکە سەرنجی ڕکێشا بۆ ئەو پێشێلکارییە بەڵگەنامەکراوانەی لە فاشر و دەوروبەریدا ڕوویانداوە بەدوای کۆنتڕۆڵکردنیدا لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥دا، ڕاپۆرتی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شوباتی ڕابردوودا کە باس لە کوژرانی زیاتر لە شەش هەزار کەس کرد لە ماوەی سێ ڕۆژی یەکەمی هێرشەکەدا.
داواکاری بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێ و گشتگیری جەنگ
جەختی لەوە کردەوە، کە ژنان باجێکی دوو ئەوەندە دەدەن لەبەرامبەر ئەم ململانێیەدا کە بریتییە لە برسیەتی، ئاوارەیی، نەخۆشی، لەدەستدانی پەناگە و دەرمان، هەروەها هەڵگرتنی باری سەرپەرشتیکردنی خێزانەکان، وتی: بەکارهێنانی گەمارۆ و ڕێگریکردن لە گەیشتنی خۆراک و دەرمان و هاوکارییەکان، برسیەتی دەگۆڕێت بۆ یەکێک لە ئامرازەکانی ململانێ، برسێتی چارەنووسێکی سروشتی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی بەردەوامبوونی ململانێ و پەکخستنی هاوکارییەکانە.
داوای ڕاگرتنی دەستبەجێ و گشتگیری جەنگ و پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی لە سەرانسەری سوداندا کرد، هەروەها ڕاگرتنی برسی کردن و کردنەوەی دەستبەجێ و پارێزراوی ڕێڕەوە مرۆییەکان، دڵنیابوون لە گەیشتنی هاوکارییەکان بەبێ بەربەست یان جیاکاری، لەگەڵ پێدانی لەپێشینە بە ژنان و منداڵان و بەتەمەنەکان. سەرەڕای ئەمەش، داوای ڕاگرتنی توندوتیژی سێکسی و بەرەنگاربوونەوەی بێسزایی و داننان بەوەدا کرد کە دەستدرێژی و کۆیلایەتی سێکسی وەکو چەکی جەنگ دەگاتە ئاستی جێنۆساید، تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی، ڕەتکردنەوەی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا وەکو پێشێلکاری تاکەکەسی یان کاغەزی مامەڵەپێکردن.
پێویستی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی کارە دڕندانەکان لە سودان
جەختی لەسەر پێویستی لێپرسینەوە لە هەر کەسێک کردەوە کە تاوانەکانی ئەنجام داوە، فەرمانی داوە، هانی داوە، بەشداری تێدا کردووە، یان پەردەپۆشی کردووە بە پێی میکانیزمەکانی دادپەروەری نیشتمانی و نێودەوڵەتی، لەگەڵ دابینکردنی پاراستن و چاودێری تەندروستی، دەروونی و دادوەری بۆ ڕزگاربووان، هەروەها داوای بەشداری کارای ژنانی کرد لە پرۆسەی دروستکردنی ئاشتیدا و مسۆگەرکردنی بەشداری ڕاستەقینەیان لە گفتوگۆ و دروستکردنی ئاشتی، سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە، دادپەروەری گواستنەوە و بونیادنانی دەزگاکان، بەو پێیەی ئەوان خاوەن ماف و دروستکەری ئاشتین نەک تەنها زیانبەرکەوتوو، لەگەڵ پاراستنی ژنانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و ژنانە کارمەندەکانی بواری بەڵگەنامەکردن و وەڵامدانەوەی مرۆیی و پشتگیریکردنی ڕێکخراوە ژنانییە سودانییەکان و دابینکردنی بودجە بۆیان.